شوان کەلاری: شیعە و سوننە بەڵێنیان داوە دەنگ بە پرۆژە یاسای هەڵەبجە بدەن

ناکۆکییەکانی شیعە و سوننە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت: بۆ ئەم جارە بەڵێنیان داوە دەنگ بە پرۆژە یاسای هەڵەبجە بدەن.
یەکشەممە 16ی ئاداری 2025، شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24 ڕاگەیاند "لە ماوەی ڕابردوودا شاندێکی باڵا بە سەرپەرشتیی نوخشە ناسیح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە، سەردانی پەرلەمانیان کرد و لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمان و شاخەوان عەبدوڵلا جێگری سەرۆک پەرلەمان کۆبوونەوە."
شوان کەلاری، ئاماژەشی دا "پاشان هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان پێکەوە سەردانی لایەنەکانیان کرد و هەریەک لە شیعە و سوننە و لایەنەکانی دیکە، بەڵێنیان داوە لە دانیشتینی ئەمجارەدا دەنگ بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە بدەن."
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەربارەی ئەوەی بۆ لە پەرلەمانی عێراق دان بە پارێزگار بوونی هەڵەبجەدا نانێن، گوتی: لە ڕابردوودا بەر لەوەی پرۆژەکە بچێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان، سوننە و شیعە بە هەر هۆکارێک بێت ئاستەنگیان بۆ ئەو پرسە دروست کردووە، لە بەرانبەر پارێزگاربوونی هەڵەبجە، شیعە داوای پارێزگار بوونی 'تەل ڕەفعەت' ی دەکرد و سوونەش داوای پارێزگار بوونی 'فەللوجەیان' دەکرد.
گوتیشی: ئەوە بێ ویژدانییە هەڵەبجە بەو هەموو قوربانییەوە، لەگەڵ ئەو شارانەدا بەراورد بکرێت.
شوان کەلاری جەختی کردەوە و گوتی بە دڵنیایەوە هەڵەبجە دەبێتە پارێزگار و ئێمەش لەسەر ئەو بەڵێنانە لایەنەکان هەوڵەکان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بەر لە تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر پرۆژەیاسای بە پارێزگار بوون دەنگ نەهێنێت ئەوە پرۆژەکە کۆتایی دێت.
باسی لەوەش کرد، لەلایەن عێراقەوە و هیچ بۆ هەڵەبجە نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 1991 یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو کە پشتگیریی دارایی بدرێتە هەڵەبجە بە شێوەیەک هەر کەسێک ئاوارەی ئێران بوو بێت بە مووچەی ملیۆنێک و 200 هەزار یان پێدانی زەوی قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام عێراق پابەندی یاسا نەبووە.
تاوەکوو ئێستا لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە یەکەم و دووەم بۆ پرۆژەیاسای بەر پارێزگار بوونی هەڵەبجە کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە.