دامەزراندنی گرووپێکی نوێ بەناوی 'قەڵغانی عەباس' لە عێراق ڕاگەیەندرا

کەرار فەتاح سەبیحاوی
کەرار فەتاح سەبیحاوی

گرووپێکی نەناسراو دامەزراندنی لیوای 'قەڵغانی عەباس' یان لە عێراق، بۆ بەرگریی لە عێراق و باوەڕەکەی ڕاگەیاند. هەروەها بانگی ئەو کەسانەش کرا کە ئارەزوویان هەیە بە خۆبەخشانە پەیوەندیی بەو هێزەوە بکەن.

کەسێک لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و باسی لە ئامانجەکانی گرووپەکە کرد، کە بریتییە لە پاراستنی عێراق و باوەڕەکەی، هەروەها داوا لە هاووڵاتیانی عێراق و ئەندامانی حەشدی شەعبی دەکات بەشداری لەو هێزە بکەن کە بە 'پرۆژەی جیهادی' ناوی دەبات.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە نازناوی هێزەکەیە ئەویش  "ئیستشهادی"ە، چونکە ئەم زاراوەیە زۆرجار ئاماژەیە بۆ ئەو کردانەی کە ئەنجامدەرەکە تێیدا دەکوژرێت، وەک تەقینەوەی خۆکوژیی یان ئۆپەراسیۆنی دیکە.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئەو هێزە لەلایەن کەسێک کە بەڕوخسارێکی ئاشکراوە بانگەشە دەکات، زۆر کەس بە گاڵتەجاڕیەوە باسیان لە بانگەشەی ئەو گەنجە کردووە، بەتایبەتی بەهۆی بچووکی تەمەنی گەنجەکە لاوازی توانای زمانەوانی.

ئەو کەسەی بانگەشە دەکات ناوی کەڕار فەتاح سەبیحاوییە و ئەمینداری گشتیی هێزەکەیە، هەروەها بەیاننامەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە بڵاو کراوەتەوە و خوێندراوەتەوە  ڕایانگەیاندووە "لەلایەن ئەمینداری گشتیی هێزەکەوە، کەڕار فەتاح سەبیحاوی" نووسراوە.

بەگوێرەی بەدواداچوون بۆ سۆشیاڵ میدیای سەبیحاوی، دەرکەوتووە ڕەنگە مەبەستی "ڕزگارکردنی مەزارگەی سەیدە زەینەب لە ئیدارەی نوێی سووریا" بێت.