کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دەستی پێ کرد

کەمێک لەمەوبەر بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە پیرمام و ئێستا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدان.

بابەتی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاوتوێکردنی پێکهێنانی کابینەی دەیەم و چەند پرسێکی دیکەیە.

هەروەها پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە "جگە لە تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت."

 نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، بڵاوی کردووتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لە بارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، عێراق، ناوچەکە، لێکەوتە سیاسییەکان و خۆئامادەکردن بۆ پێشهاتەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

پێشوازی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان