ئارام ئەنوەر: 25 پرۆژە لە گەشانەوە پاڵپشتی کراون

ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان
ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان

ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشکەشکردن لە پرۆژەی گەشانەوە بەشێوەی ئۆنڵاینە و هیچ مامەڵەیەک بەدەست ناکرێت، دەشڵێت: تا ئێستا 25 پرۆژە لەچوارچێوەی پرۆژەی گەشانەوە پاڵپشتی دارایی کراون.

یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ئارام ئەنوەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئێستا هەموو پێشکەشکردنێک بۆ پرۆژەی گەشانەوە کە پەیوەستن بە پرۆژە بچووک و مامناوەندەکان، بەشێوەی ئۆنڵاین پێشکەش دەکرێن کە ئەمەش لەگەڵ پرۆژەکانی پێشووتر جیایە، گوتیشی: لەو 140 داواکارییەی پێشکەشکراون، 113 پرۆژە وەک فۆرم وەرگیراون، ئەوانی دیکە کە مەرجەکان نەیاندەگرتنەوە، دوور خراونەتەوە.

بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە دەڵێت: لە پرۆژەی گەشانەوە، هاوبەشی لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت کراوە، یەک لە بانکە بازرگانییە نا حکوومییەکان و کۆمپانیایەکی لۆکاڵی، کاری بەیەکەوەیی لەگەڵ وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گەشانەوە، گوتی: مەرج نییە ئەو بانک و کۆمپانیایە لەگەڵمان بەردەوام بن، ئەگەری هەیە لە قۆناغەکانی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ بانک و کۆمپانیای دیکە بکەین.

ئارام ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد، لە قۆناغی ئێستادا و دوای هەڵسەنگاندن، 25 پرۆژە پاڵپشتی کراون لەو 113 پرۆژەیەی پێشکەشکراون، ئەو پرۆژانە پارەیان بۆ خەرج کراوە و هەژماریان بۆ کراوەتەوە، لەڕێگەی سەردانیکردنی بەردەوامی تیمەکان،  چاودێریان پرۆژەکان دەکرێت.

بەڕێوەبەری پرۆژەی گەشانەوە دەڵێت: ئەو کەسانەی کە خاوەن پرۆژەن، لە پرۆژەی گەشانەوەدا سوودمەند دەبن و، دەتوانن بڕی ملیۆنێک تا 150 ملیۆن دینار قەرز لە حکوومەت بۆ پەرەپێدانی پرۆژەکانیان وەربگرن.