هاتوچۆی چەمچەماڵ: بەهۆی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردووە

ئەمساڵ 14ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی نێوان چەمچەماڵ-سلێمانی ڕوویان داوە و بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵیش ڕایگەیاند: بەهۆی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و تۆمارکردنی تیژڕەوی، ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردووە.
یەکشەممە، 16ـی ئاداری 2025، عەمید عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تەنیا ئەمساڵ 14 ڕووداوی هاتوچۆ لە ڕێگای نێوان چەمچەماڵ-سلێمانی ڕوویان داوە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵ، گوتیشی: بەهۆی ئەم ڕووداوانەوە کەسێک گیانی سپاردووە و کەسێکی دیکە بریندار بووە.
عومەر ئەحمەد، باسی لەوەش کرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمی کردووە، لە سەرەتای ساڵی 2024، 23 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دابوو و بەهۆیانەوە دوو کەس گیانیان سپارد و 32 کەسیش بریندار بوون.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، دانانی کامێری خاڵ بۆ خاڵ و تۆمارکردنی تیژڕەوی هۆیەکی باش بووە، بۆ کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ.
ڕێگەی چەمچەماڵ-سلێمانی، شەقامێکی سەرەکییە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر بەم ڕێگەیەدا هاتوچۆ دەکەن.