ئەمەریکا حودەیدەی بۆمباران کرد

میدیاکانی سەر بە حووسییەکان لە یەمەن ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، ڕایانگەیاند، ئەمەریکا دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری حودەیدە دەست پێ کردووە.

میدیاکانی حووسی باسیان لە دوو هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا کردووە بۆ سەر ژمارەیەک هاووڵاتی کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی پەتاتە بوونە لە قەزای زوبەیدە، لە پارێزگای حودەیدە کەنار دەریاکان، کە پێشتر ساڵی ڕابردوو کەوتبووە بەر هێرشی ئیسرائیل.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، حووسییەکان ڕایگەیاند، ئەمەریکا دوو هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر کەشتیی دەستبەسەرداگیراوی گالاکسی.

حووسییەکان لە بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە "دوو هەڵمەتی ئەمەریکا کابینەی فەرماندەیی کەشتییە دەستبەسەردا گیراوەکەی ئیسرائیل، گالاکسی لیدەریان بۆمباران کردووە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا زانیاری زیاتر و ئەنجامی بۆردومانەکە نەخراوەتەڕوو، لەکاتێکدا ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاو نەکردووەتەوە.

پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر حووسییەکان لە یەمەن تا ئەو کاتەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانان ڕادەگرن، گوتیشی: حووسیەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکانیان پەرە پێ دەدەن لە کاردانەوەی هێرشەکەی واشنتن کە ڕۆژی شەممە، دەستی پێ کرد بۆ سەر حووسییەکان.

وەزارەتی تەندروستیی کە حوسییەکان بەڕێوەی دەبەن، ڕایگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکان لانیکەم 53 کەس کوژراون، کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا.

عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکان ڕۆژی یەکشەممە، 16ـی ئادار ڕایگەیاند "تا ئەو کاتەی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن، پەلاماری کەشتییە ئەمەریکییەکان دەدەین لە دەریای سوور .

هەرەوەها بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی گوتبووی: ئەگەر ئەمەریکا بەردەوام بێت لە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر یەمەن، ئێمەش بەردەوام دەبین لە هێرش.

مەکتەبی سیاسی حووسییەکان هێرشەکانی بە تاوانێکی جەنگیی تەواو، وەسف کردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاییەوە ڕایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە لەلایەن حووسییەکانەوە هەڵدرابوون، بەبێ ئەوەی هیچ کامیان لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان نزیک ببنەوە.

گرووپی حووسییەکان هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان دەست پێ دەکەنەوە لە ڕێڕەوی کەشتیوانی دەریای سووردا تێدەپەڕن، ئەگەر ئیسرائیل قەدەغەکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە هەڵنەگرێت.