حووسییەکان هێرشیان کردە سەر کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکا

حووسییەکان بۆ جاری دووەم لە ماوەی 24 کاتژمێردا هێرشیان کردە سەر کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی هاری ئێس ترومان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، بۆ دووەم جار لە ماوەی 24 کاتژمێردا هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان، لە باکووری دەریای سوور.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سوپای حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "حووسییەکان بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە."
ڕوونیشی کردەوە "هێزە چەکدارەکانی سەر بە حووسییەکان سەرکەوتووبوون لە پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی دوژمن کە بەنیاز بوو بیکاتە سەر وڵاتەکەمان."
گوتەبێژی سەربازی حووسییەکان پشتڕاستی کردەوە هێزەکانی گرووپەکەی بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو لێدوانانەی کە عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی گرووپەکە سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشکردنە سەر ئەمەریکا، تا ئەو کاتەی ئەمەریکا دەستدرێژییەکانی بۆ سەر یەمەن ڕادەگرێت.
هەروەها بەردەوامیی قەدەغەکردنی تێپەڕینی کەشتییە ئیسرائیلییەکانی بە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەریای سوور و دەریای عەرەبی و گەرووی باب مەندەب دووپات کردەوە، تا گەمارۆی کەرتی غەززە هەڵدەگیرێت.
بزووتنەوەی ئەنسارڵلای یەمەن (حووسییەکان) ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکایی یو ئێس ئێس هاری ترومان و کەشتییە جەنگییەکانی لە باکووری دەریای سوور.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، عەبدولمەلیک حووسی، ڕێبەری بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن، هەڕەشەی لە ئەمەریکا کرد بە بژاردەی پەرەسەندنی زیادە، دوای هێرشە چڕەکانی ئەمەریکا کە شوێنەکانی ئەو گرووپە هاوپەیمانەی ئێرانی کردە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا هێرشی بێوچان دەکاتە سەر حووسییەکانی یەمەن، تا ئەو کاتەی واز لە پەلامارانی کەشتیی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و کەشیوانیی جیهانیی دێنن.
شەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد، هەڵمەتی سەربازی چڕ و یەکلاکەرەوە دژی حووسییەکان لە یەمەن دەست پێ بکات. هەروا حووسییەکانی بەهێرشی تیرۆریستی و چەتەیی دەریایی دژی کەشتی و فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، تۆمەتبار کرد.