سبەینێ ترەمپ و پوتین لەبارەی ئاگربەستی ئۆکرانیا قسە دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند سبەی سێشەممە قسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین دەکات و باس لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەکەن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئۆفیسی خۆی لە نێو فڕۆکەی ئەیر فۆرس وەن، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، سبەی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا قسە دەکەم، چونکە هەفتەی ڕابردوو شتی زۆر باش ڕوویان داوە.

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: لەگەڵ پوتین قسە دەکەم بزانم دەتوانین کۆتایی بەو شەڕە بهێنن یان نە، لەوانەیە بتوانین، لەوانەشە نەتوانین، بەڵام شانسێکی باشمان هەیە کە بتوانین.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، لەبارەی خاک و وێشتگەی کارەبا گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا دەکەم.

ترەمپ، کاتێک لە بارەی ئیمتیازاتەکانەوە پرسیاری لێ کرا، گوتی: پێموایە پێشتر لەلایەن ئۆکرانیا و ڕووسیا باس لە بەشێکی کراوە. ئێمەش پێشتر باسمان لە بەشی خۆمان کردووە.

یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە میانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی 'سی ئێن ئێن'، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار بووە.

هاوکات پێشبینی دەکات لە هەفتەکانی داهاتوودا ئۆکرانیا و ڕووسیا لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست ڕێککەون. دەشڵێت: بەر لەوەی سەردانی ڕووسیا بکەم، مۆسکۆ و کێیڤ، بۆچوونیان لەبارەی زۆرینەی پرسەکان بە تایبەتی ئاگربەست لە یەکدییەوە زۆر دوور بوو، بەڵام دوای سەردانەکەم ئێستا بۆچوونیان لەیەکترەوە نزیکە.

هەینی 14ی ئاداری 2025، دوای گەڕانەوەی ویتکۆف لە مۆسکۆ، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترەس سۆشیاڵ نووسیویەتی: لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا  گفتوگۆیەکی باش و بەرهەمدارمان لەبارەی کۆتاییهێنانی جەگی ئۆکرانیا هەبووە و ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووتە پێش بۆ ئەوەی ئەو جەنگە خوێناوییە کۆتایی پێ بێت.

ترەمپ، داوای لە پوتین کردووە، گەمارۆی سەر هەزاران سەربازی ئۆکرانیا لەلایەن سوپای ڕووسیاوە گەمارۆ دراون و لە بارودۆخێکی دژواردان، هەڵبگرێت.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە وەڵامی داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپدا گوتی: دووپاتی دەکەمەوە ئەگەر سەربازانی ئۆکرانیا خۆیان بە دەستەوە بدەن و چەکەکەیان دانێن، ئەوە ژیانیان دەپارێزین و بە باشترین شێوە و بە گوێرەی یاسایی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.

ڕۆژی سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکەیان لە شاری جەددەی سعوودییە، لە ڕاگەیەندراویکی هاوبەش ئاماژەیان بەوە دا، کە کێیڤ بە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕازی بووە.