ناتانیاهۆ سەرۆکی دەزگای شاباکی لە کارەکەی دوور خستەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوخۆی شاباکی لە کارەکەی دوور خستەوە.
کەناڵی 14ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفتوگۆی لەگەڵ وەزیرەکانی سەر بە پارتی لیکود کرد و هۆی دوورخستنەوەی ڕۆنێن بار، سەرۆکی دەزگای 'شاباک'ی ڕوون کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "هەراسانی کردم".
کەناڵە عیبرییەکە لە زاری نەتانیاهۆوە ڕایگەیاندووە " یەکێک لە وەزیرەکان گوتوویەتی کە ڕۆنێن بار، بە هەڕەشە هەراسانی کردووە و دەسەڵات و کاریگەریی ئاژانسەکەی قۆستۆتەوە بۆ ترساندنی تاکوو لە پێگەی خۆیدا بمێنێتەوە."
بە گوتەی نەتانیاهۆ "ئەو دەزگایە، پێچەوانەی ئەوەیە کە ڕۆنێن بار هەوڵی دروستکردنی دەدات" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە "سەرۆکی ڕێکخراوی شاباک لێکۆڵینەوەیەکی بێهودەی لە کاروباری "قەتەر گەیت" دروست کرد تاکو لە دەسەڵات بەردەوام بێت، کاتێک زانی بەنیازم لە پۆستەکەی دووری بخەمەوە."
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەو هەڵەی لە ئەرکەکەیدا کردووە، منیش دەسەڵاتی ئەوەم هەیە لە کارەکەی دووری بخەمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد "هەروەک چۆن یوئاڤ گالانتم بەهۆی نەبوونی متمانەوە لە کارەکەی دوور خستەوە،هەرچەندە دەستکەوتی گەورەمان بەدەست هێنا، ئەمجارەش بە هەمان شێوە هەڵسوکەوتم کرد."
سەبارەت بە کاروباری "قەتەرگەیت" (گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی نایاسایی لە قەتەرەوە بۆ یاریدەدەرانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل)، نووسینگەی نەتانیاهۆ ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە. دادگای دادوەری لە شاری ڕیشۆن لێزیۆن لە باشووری تەلئەڤیڤ، هەفتەی ڕابردوو، لەسەر داوای پۆلیس، بڕیاری قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی "کاروباری قەتەر و ڕاوێژکارانی بنیامین نەتانیاهۆ"ی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دەرکرد .
ڕۆژی یەکشەممە، میدیا عیبریەکان بڵاویان کردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆنێن بار، سەرۆکی 'شاباک'ی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە، لەبەر نەبوونی متمانە. هەروەها بە هەڕەشەی هەڵگیرسانی قەیرانێکی گەورە لەناو ئیسرائیل تۆمەتباری دەکات.