ئێران: وەڵامی نامەکەی ترەمپ دەدەینەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندن، وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، دەدەینەوە.
دووشەممە 17ـی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ناوەرۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، هەمان ئەو لێدوانانەیە کە ڕۆژانە بۆ میدیاکان باس دەکات، هەمان خاڵ دووبارە دەکاتەوە."
بەقایی ئاماژەشی دا "دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندن بۆ نامەکە، ئێران لە ڕێگەی کەناڵێکی گونجاوەوە وەڵامەکەی دەگەیەنێت."
چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، نامەکەی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئەنوەر گەرگاش، دیپلۆماتکاری باڵای ئیمارات گەیەنرایە ئایەتوڵلا خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، لە بارەی ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: لە نامەکەدا، هیوام خواست کە بێن دانوستاندن لە بارەی پرسی ئەتۆمی بکەن، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەیە کە بۆ ئێران باش بێت.
شهممه، 8ـی ئاداری 2025، عهلی خامنهیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگهیاند، تاران ههرگیز بهو داواكارییانه ڕازیی نابێت كه داوای ههڵوهشاندنهوهی بهرنامهی ئهتۆمی لێ دهكهن.
عهلی خامنهیی جهختی كردهوه، ئێران ناچێته ژێر بار و فشاری دانوستانی هیچ وڵاتێكی خۆسەپێن. گوتیشی: ههندێك وڵاتی خۆسەپێن سوورن لهسهر دانوستان، نهك بۆ چارهكردنی پرس و كێشهكان، بهڵكوو بۆ سهپاندنی داواكارییهكانیان.
هەروەها گوتی: دانوستانەکان سزاکان هەڵناگرێت، بەڵکوو سزاکان قوڵترە دەکات.
پێشتر سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیان گوتبووی: لەژێر گوشاردا دانووستان ناکەین، کە مەبەست لێی ڕەت کردنەوەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپە لە سزادانی ئابووری و سەربازیی ئێران.
مەسعود پزیشکیان، پەیامێکیشی ئاراستەی ترەمپ کرد و گوتی: هەرچیت لەدەست دێ، بیکە.