ئەڵمانیا بە گوژمەی زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار هاوکاری سووریا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانەوە، نزیکەی 326 ملیۆن دۆلار وەکوو هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی سووریا دەکات، نیوەی ئەو پارەیە، ڕاستەوخۆ بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی سووریا دابین خەرج دەکرێت.
دووشەممە 17ـی ئاداری 2025، ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، کە بەشداریی کۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتیی برۆکسل دەکات، کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ سووریا، پێشترڕایگەیاند "ئەڵمانیا لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانەوە 326 ملیۆن دۆلار وەکوو هاوکاری مرۆیی پێشکەشی سووریا دەکات."
هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، نیوەی زیاتر لەو بڕە پارەیە بۆ هاوکاریی هاووڵاتییانی سووریا دابین دەکرێت، بەبێ ئەوەی حکوومەتی سووریا دەستی پێ ڕا بگات.
بەگوێرەی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەو بڕە پارەیە بۆ دابینکردنی خۆراک و خزمەتگوزاریی تەندروستی و شوێنی پەناگەی فریاگوزاری و ڕێوشوێنی پاراستن بۆ زۆرترین دانیشتوانی بێتوانا دابەش دەکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هاوکارییە پاڵپشتیی پەنابەرانی سووریا و کۆمەڵگەی پەنابەران لە ئوردن، لوبنان، عێراق و تورکیا دەکات.
ئانالینا بایربۆک، ڕاشیگەیاند "ئەورووپا پشتگیریی هاووڵاتییانی سووریا دەکات وەکوو سووریایەکی سەربەخۆ و ئاشتیانە."
هەروەها داوا لە حکوومەتی کاتیی سووریا دەکات لیکۆلینەوە لە کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان بکات بەرپرسیارییەتی خۆی لەو بارەیەوە ڕابگەینێت.
ڕۆژی پێنجشەممە، 06-03-2025، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و پاشماوەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە پێکهاتەی عەلەوی، لە ڕۆژئاوای سووریا سەری هەڵدا. بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێزە ئەمنییەکانی شەرع زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی عەلەویان کۆمەڵکوژ کرد.