ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا هەڕەشە لە ئابووری جیهان دەکات

دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە یەکێتیی ئەورووپا، ڕایگەیاند، پەرەسەندنی شەڕی بازرگانی نێوان واشنتن و برۆکسل، مەترسییەکی جیددی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکانی گواستنەوەی ئەتڵەسی دروست دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ساڵانە بە 9.5 تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ئابووریی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی ڕایگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا لە ساڵی 2024دا، گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە دوو تریلیۆن دۆلار.

ئاماژەی بەوەش داوە، لە ساڵی 2025دا، ئاستەنگ و مەترسییەکی بەرچاو هەیە و کاریگەریی لەسەر ئەم هاوبەشییە ئابوورییە دەبێت،  بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریکا باجی نوێی بەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمی ئەورووپادا سەپاند، ئەمەش وای کردووە یەکێتیی ئەورووپا پلانی تۆڵەسەندنەوە دابڕێژێت.

ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە ئەورووپا، ڕوونی کردەوە، زۆربەی وەبەرهێنانەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا لە نێوان هەردوولادا لەسەر بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانە، کە فرۆشی لقی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە ئەورووپا، چوار هێندەی قەبارەی هەناردەکردنی ئەمەریکایە بۆ ئەورووپا. لەکاتێکدا فرۆشی لقی کۆمپانیاکانی ئەورووپا لە ئەمەریکا، سێ هێندەی قەبارەی هەناردەکردنی ئەورووپایە بۆ ئەمەریکا.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە، لەوەی کە پەرەسەندنی ململانێی بازرگانی ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر بازرگانیی نێوان هەردوولا هەبێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووریی هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپایی دەبێت، ئەم بازرگانییە 90%ی کۆی بازرگانیی ئێرلەندا و 60%ی کۆی بازرگانیی ئەڵمانیا پێک دەهێنێت.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی باجی تا 200%ی لەسەر شەراب و خواردنەوە کحولیەکانی ئەورووپا کرد.
سەرەڕای ئەوەی ئیدارەی ئەمەریکا گرنگی بە کورتهێنانی بازرگانی کاڵا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا دەدات، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە بازرگانی تاکە پێوەر نییە بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا، بەڵکو وەبەرهێنان هۆکارێکی سەرەکییە لەم پەیوەندییەدا .