ئێران لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ دەبێتەوە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی چاودێریی پرۆگرامی ئەتۆمی کۆ دەبێتەوە.

دووشەممە 17ـی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، کازم غەریبابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمرۆ لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی چاودێریی پرۆگرامی ئەتۆمی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای سەرەکی لە ڤییەنا، کۆ دەبێتەوە.

 باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەشێکە لە پەیوەندییە بەردەوامەکانمان لەگەڵ ئەو دەزگایە.

ئەو کۆبوونەوەش دوای سەردانەکەی ڕۆژی هەینی کازم غەریبابادی بۆ بەیجینگ دێت کە لەبارەت پرۆگرامی ئەتۆمی لەگەڵ ڕووسیا و چین کۆ بووە.

هاوکات، ڕۆژی هەینی 14ـی ئاداری 2025، دوای کۆبوونەوەی هەرسێ وڵات لە بەیجینگ، ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ڕووسیا و چین پشتگیریی لە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران دەکەن و جەخت دەکەنەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی بەکاردەهێنێت و دەبێت بە تەواوی ڕێز لەو هەوڵە بگرێت.