گوتەبێژی کۆشکی سپی: پێویستە ئێران هۆشدارییەکەی سەرۆک بەجددی وەربگرێت

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، پێویستە ئێران هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا "بە جددی" وەربگرێت.
کارۆلین لیڤیت لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: پەیامی ئێمە بۆ ئێران ئەوەیە، هۆشدارییەکانی ترەمپ بە جددی وەربگرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆک ترەمپ فەرمانی بە هەنگاوی سەربازی یەکلاکەرەوە دژی حوسییەکان کردووە"، گوتی: "لاوازی جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هانی حوسییەکانی داوە کەشتیەکان بکەنە ئامانج و خەڵکی مەدەنی بخەنە مەترسییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ هێزێکی تیرۆریستی ڕێگری لە کەشتییە بازرگانی و دەریاییەکانی ئەمریکا ناکات کە بە ئازادی بە جیهاندا هاتوچۆ بکەن.
لیڤیت گوتی: هەندێک پەرلەمانتاری فەرەنسا لە پەرلەمانی ئەوروپا داوایان کردووە ئەمەریکا پەیکەری ئازادیان بۆ بگەڕێنێتەوە، دەڵێت: ئێمە ئەوە ڕەت دەکەینەوە و دەڵێین: ئەگەر ئەمەریکا لە جەنگی دووەمی جیهان هاوکاریی فەرەنسای نەکردایە، ئێستا فەرەنسییەکان بە ئەڵمانی قسەیان دەکرد.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی دووشەممە لە تویتێکدا نووسیویەتی: "نابێت کەس گێل بکرێت! سەدان هێرشی حوسییەکان، چەتە خراپەکان کە بنکەکەیان لە یەمەنە و خەڵکی یەمەن ڕقیان لێیانە، هەمووی سەرچاوەکەی ئێرانە".
ترەمپ گوتی: لەمەودوا هەر گولـلەیەک لەلایهن حووسییەکان بتەقێندرێت، وەکوو ئەوە وایە لەلایەن ئێران و سەرکردەکانی تەقێندرابێت، بۆیە ئێران بەتەواوی لێی بەرپرسیار دەبێت و سزا دەدرێت، سزاكانیش تۆقێنەر و سەخت دەبن.