وڵاتانی بەخشەر بەڵێنیان دا بە 5.8 ملیار یۆرۆ هاوکاری سووریا بکەن

یەکێتی ئەوروپا
یەکێتی ئەوروپا

ئەمڕۆ دووشەممە برۆکسل میوانداری نۆیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وڵاتانی بەخشەری کرد کە لەلایەن دەزگای کاری دەرەوەی ئەوروپا (EEAS) ڕێکخرابوو، بە بەشداریی ئەسعەد ئەلشێبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا.

وەزیری دەرەوەی سوریا لە گوتارەکیدا لەو کۆنفرانسەدا، داوای هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر سووریا و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، پابەندی خۆیان بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکان دووپات کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی هاوکارییەکان بگاتە ئەو کەسانەی کە پێویستییانە، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان.

شەیبانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەقامگیری سوریا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سەقامگیری ناوچەکە و جیهان هەیە.

هەر لەو کۆنفرانسەدا، بەریتانیا 160 ملیۆن پاوەندی وەک هاوکاری مرۆیی بۆ سووریا بەخشی.

هاوکات ئەڵمانیا 300ملیۆن یۆرۆی بەخشی.

لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی ئەوروپا بەڵێنیدا نزیکەی 2.5 ملیار یۆرۆ کە دەکاتە (207 ملیار دۆلار) وەک هاوکاری پێشکەش بە سووریا بکات.

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گوتی: سووریاییەکان پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە، جا چ لە دەرەوەی وڵات بمێننەوە یان بڕیار بدەن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە لە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانییەکانمان بۆ سورییەکان لە وڵاتەکە و ناوچەکە زیاد دەکەین بۆ نزیکەی 2.5 ملیار یۆرۆ بۆ ساڵانی 2025 و 2026.

لە کۆتاییدا یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند "وڵاتانی بەخشەر بەڵێنیان داوە 5.8 ملیار یۆرۆ هاوکاری سووریا بکەن".

ئەم هاوکارییەی یەکێتی ئەوروپا لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد.