حەماس، ئیسرائیل بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، حەماس، لە بەیاننامەیەکەدا ڕایگەیاند ، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی کەرتی غەززە شەر مەزار دەکەین.

حەماس، ڕایگەیاند: ئێمە ناتانیاهۆی داگیرکەر بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە کاردانەوەکانی دەستدرێژیی بۆ سەر غەززە، بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و گەلی فەڵەستینی گەمارۆدراومان.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "ناتانیاهۆ و حکوومەتە توندڕەوەکەی بڕیارێک دەدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و زیندانیانی غەززە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبنەوە."

لە درێژەی بەیاننامەکەشدادەڵێت: داوا دەکەین نێوەندگرەکان ناتانیاهۆ و دارودەستەکەی بە تەواوی بەرپرسیار بزانن لە پێشێلکردن و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە "کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کراوە کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان لە پشتیوانیی خۆڕاگری گەلی فەڵەستین لە ئەستۆ بگرن."

هەروەها داوای لە "نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەپەلە کۆ ببنەوە بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک کە داگیرکەر پابەند دەکات بە ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی و پابەندبوون بە بڕیارنامەی 2735 کە داوای ڕاگرتنی دەستدرێژی و کشانەوەی تەواوی کەرتی غەززە دەکات."

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسەوە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بەشێوەیەکی تاکلایەنە کۆتایی بە ڕێککەوتنەکە هێناوە و بارمتەکان بۆ چارەنووسێکی نادیار بەجێ دەهێڵێت و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانی نوێی بۆ سەر حەماس لە سەرانسەری کەرتی غەززە دەست پێ کرد و بەڵێنی دا "هێزی سەربازی زیاد بکات" دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئازادکردنی بارمتەکان ڕاگیرا.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیلیان ڕاسپاردووە لە سەرتاسەری کەرتی غەززە لە حەماس بدەن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاردانەوە بە ڕەتکردنەوەی بزووتنەوەکە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ڕەتکردنەوەی هەموو پێشنیارەکانی ئاگربەست، سوپای وڵاتەکەی ڕاسپاردووە "کردەوەی بەهێز" دژی حەماس لە غەززە بگرنەبەر.

نووسینگەی نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لەمەودوا بە زیادکردنی هێزی سەربازیی دژی حەماس مامەڵە دەکات.

لای خۆیەوە بەرگریی شارستانی غەززە ڕایگەیاند، ئیسرائیل 35 ناوچەی بۆمباران کردووە. هەروەها تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل زیاتر لە 200 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە 350 کەسی دیکەش بریندارن.