شاندی هاوبەشی گەنجانی عێراق سەردانی فەلوجەیان کرد

شاندێكی گەنجان لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراقەوە کە ژمارەیەك گه‌نجی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵدایە، به مه‌به‌ستی بڵاوکردنەوەی ئاشتی و دروستکردنی پردی پەیوەندیی نێوان هەموو خەڵکی عێراق، له چوارچێوه‌ی دەستپێشخەرییه‌كدا به‌ناوی "گەشتی فورات بۆ فەلوجە" سەردانی ئه‌و شاره‌یان کرد.
فه‌یسه‌ل عه‌یفان ئه‌لعیساوی، قایمقامی فه‌لوجه بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تەنیا خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و ناوه‌ڕاست لە فەللوجە نین، به‌ڵكو براکانمان لە هەرێمی کوردستانیش له‌گه‌ڵمان بۆ خوانی به‌ربانگ لێره‌ن. له ڕۆژانی ئاوارەییدا ئه‌وان چاكه‌یان به‌سه‌رمانه‌وه هه‌بووه، بۆیه دەمانەوێت پەیوەندیی زیاتر لەنێوان ئەم پارێزگایە و هەرێمی کوردستاندا هه‌بێت، پێشوازیی ئه‌وان بۆ ئاوارەکانمان زۆر جوان بوو، بۆیه خەڵکی پارێزگاكه‌شمان به‌خۆشحاڵییه‌وه پێشوازیی له‌وان ده‌كه‌ن و هەمیشە پێیان دەڵێین سوپاس."
دەشڵێت: خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا باوه‌شیان بۆ ئاوارەكانی ئەنبار كردووه‌ته‌وه، بۆیه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چاكه‌كه‌شیان، هه‌میشه دەرگای پارێزگاكه‌یان بەڕووی خه‌ڵكی كوردستاندا کراوە ده‌بێت.
زه‌هرا حوسێن، گه‌نجێکی کورد گوتی: ئەمڕۆ شاری فەللوجە بە کورد و عەرەب دەورە دراوە و لە مەزهەبی جیاوازەوە هاتووین بۆ ئه‌وه‌ی وەڵامی ئەوانه بده‌ینه‌وه، کە لە ماوەكانی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هه‌وڵی زۆریان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری مه‌زهه‌بی و تایفه‌گه‌ری ده‌دا،دەمانەوێت پێیان بڵێین: ئێمە لێرەین لە فەللوجە و له کەش و هەوای مانگی ڕەمەزاندا له شاری ئاشتی و خۆشەویستیدا دەژین.
ئه‌سیل مه‌رسوومی، دانیشتووی باشووری عێراق دەڵێت: ئێمە کۆمەڵێک کوڕ و کچی گەنجین و حەزمان کرد ئەمڕۆ لە فەللوجە بین، هه‌ڵبه‌ته لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراقەوە به گه‌نجانی هەرێمی کوردستانیشه‌وه هاتووینه‌ته ئێره و حه‌زمان كرد سه‌ردانی ئەم شارە دێرینە بکەین کە بە کەلەپوور و کولتووری دەوڵەمەند بەناوبانگە و ئەمە دووەم جارە سەردانی فەلوجە دەکەم.
وادیاره گه‌نجانی عێراقی دركیان به مه‌ترسییه‌كانی ڕه‌واجدان به بیری مه‌زهه‌بی و جیاكاریی نه‌ته‌وه‌یی كردووه، كه له وڵات بووه‌ته كولتوورێكی باو، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ن بەو ده‌ستپێشخه‌رییانه ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه كاڵ بكه‌نه‌وه و بایەخ به ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌رێمی كوردستان به نموونه ده‌هێننه‌وه، كه چه‌نده سه‌ركه‌وتوو بووه كاتێك دوای هێرشی داعش باوه‌شی بۆ سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی عێراقی كرده‌وه.