ئێران ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندی بە ناسەقامگیریی ناوچەکەوە هەبێت

ڕۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووە، تێیدا ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندی بە ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا هەبێت.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەکەدا، کە دەستی ڕۆیتەرز کەوتووە، نووسیویەتی " ترەمپ و بەرپرسانی ئەمەریکا لێدوانی بێباکانە و وروژێنەر دەدەن و بە گوومانی بێبنەما هەڕشە لە ئێران دەکەن."
هەروەها لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، ئێران بە توندی ئەوە ڕەت دەکاتەوە پێشێلی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبێت سەبارەت بە پێدانی چەک بە گرووپەکان لە یەمەن و تێوەگلان لە هەر چالاکییەکی دوژمنکارانە لە ناوچەکەدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لەمەودوا هەر هێرشێک لەلایهن حووسییەکان بکرێت، وەکوو ئەوە وایە لەلایەن ئێران و سەرکردەکانییەوە کرابێت، بۆیە ئێران بەتەواوی لێی بەرپرسیار دەبێت و سزا دەدرێت، سزاكانیش تۆقێنەر و سەخت دەبن.