ناوی سەرکردە و بەرپرسە کوژراوەکانی حەماس بڵاو کرایەوە
ژمارەی کوژراو و بریندارانی ئەمڕۆی غەززە گەیشتە سەرووی هەزار و 350 کەس

چەند سەرچاوەیەکی فەڵەستنی ناسنامەی ئەو سەرکردە سیاسیی و سەربازییانەی بزووتنەوەی حەماسیان ئاشکرا کرد، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، لە کەرتی غەززە کوژراون.
بە گوتەی تیمەکانی فریاگوزاری تەندروستی و بەرگریی شارستانیی کەرتی غەززە، زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکەی بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاداری 2025، لە خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل هەژمار دەکرێت لە دوای ئەو شەڕەی پاش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستی پێ کرد.
بە گوتەی سەرچاوە تەندروستییەکانی غەززە، زیاتر لە 365 کەس لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا کوژراون و نزیکەی هەزار برینداریش هەن، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن و بەشێکی زۆری قوربانییەکانیش هێشتا هەر لە ژێر داروپەردوی خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە.
هەروەها چەند سەرچاوەیەکی ئاگەدار ئاشکرایان کردووە، ناسنامەی پێنج سەرکردە و بەرپرسی سەربازی و سیاسیی حەماس کە ئەمڕۆ کوژراون، ئاشکرا بوون، کە ئەمانەن:
- ئەبو عوبەیدە جەماسی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس و سەرۆکی لیژنەی فریاگوزاری.
- عیسام دەعالیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
- عەمید بەهجەت حەسەن ئەبو سوڵتان، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە غەززە.
- مەحموود ئەبو وەتفە، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی سەر بە حەماس
- ئەبو عومەر حەتە، بریكاری وەزارەتی داد لە كەرتی غەززە.