هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە

هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر  شوققەیەکی نیشتەجێبوونی لە کەمپی جەبالیا، خانوویەک لە شاری بێت حانوون و چەند شوێنێکی دیکەی لە هەردوو شاری ڕەفەح و خان یونسی باشووری غەززە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر سەرتاسەری کەرتی غەززە، ئەمەش وەک فشارێک بۆ سەر حەماس، دوای ئەوەی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتە ڕفێندراوەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بەبنبەست گەیشتن.

نەتەوەیەکگرتووەکان

ڕۆلاندۆ گۆمێز، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە سەری سوڕماوە.

هەروەها داواش دەکات و ڕژدە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ڕێز لە ئاگربەستەکە بگیرێت و بارمتەکان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن و  گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتەکە دەست پێ بکاتەوە.

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ، سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، هێرشەکان دەبنە هۆی تاوانی جەنگی و داواش دەکات لیکۆلینەوە لەو بارەیەوە دەست پێ دەکات.

میسر

وەزارەتی دەرەوەی میسر هێرشە ئاسمانییە کوشندەکانی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ئیدانە کرد و بە پێشێلکارییەکی لە ئاگربەستەکەی ناوبرد کە لە19ـی کانوونی دووەمی چووە واری جێبەجێکردنەوە.

هەروەرها ڕاشیگەیاندووە، هێرشەکان دەبنە هۆی بەردەوامی و تەشەنەکردنی ناکۆکییەکان، کە هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە.

ئەمەریکا 

کۆشکی سپی، لە ڕاگەیندراوێکدا دووپاتی کردەوە، بەر لە هێرشەکە، ئیسرائیل ڕاوێژی بە ئەمەریکا کردووە، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ هێرشەکان پێشان دا.

هەروەها ئاماژەش دراوە، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات.

هاوکات ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران نیگەرانی خۆیان لە ژمارەی قوربانیان پێشان دا.

بەریتانیا

حکوومەتی بەریتانیا دوا لە حەماس و ئیسرائیل دەکات بە تەواو پابەندی ئاگربەستەکە بن و دیالۆگەکان لە بارەی ئاگربەسەتەکە دەست پی بکەنەوە.

گوتەبێژی کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، داوای دەست بەجێ دەست پێ کردنەوەئ ئاگربەست دەکات.

ڕاشیگەیاندووە، ئیدانەی کوشتنی هاووڵاتییان دەکەین.

ئێران

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی لە غەززە ئیدانە کرد، ئەمەریکای بە تۆمەتبار زانی

ئیسماعیل بەقاعی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکانی بە جینۆسایدکردن و پاکتاوکردنی نەتەوەیی ناساند

هەروەها ڕاشیگەیاند "ئەمریکا بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی لە هێرشەکەدا هەیە."

چین

ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، بەیژینگ  لەو دۆخە زۆر نیگەرانە و  داوای لە لایەنەکان دەکات دوور بکەونەوە لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکییەکان، بۆئەوەی  ڕێگریی لە کارەساتی مرۆیی گەورەتر بکەن.

ڕووسیا

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین گوتی: بە نیگەرانییەوە سەیری ڕاپۆرتی ژمارەی قوربانییانی هێرشەکە دەکەین و لەنزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین.

ئاماژەشیدا. بێگومان چاوەڕێی ئەوە دەکەین بۆ ڕێڕەی ئاشتی بگەڕێنەوە”.

هۆڵەندا

کاسپەر ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، دەبێت ناکۆکییەکان بۆ هەمیشە کۆتاییان پێ بێت.

گوتشی: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە مەرجەکانی ئاگربەست و ڕێککەوتنی غەززە بگرن، هاوکات دەبێت بارمتە ماوەکان ئازاد بکرێن، هاوکاری مرۆیی بگاتە غەززە.

نەرویچ

جۆناس گاهر ستۆر، سەرۆک وەزیرانی نەرویج گوتی: هێرشەکانی ئیسرائیل کارەساتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی غەززە.

ئامژەشی دا زۆرێک لە هاووڵاتیانی غەززە لە ژێر چادر و خێوەتدا دەژین و ژیانیان پارێزراو نییە.

سویسرا

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: دەستبەجێ بگەڕێنەوەی بۆ ئاگربەست و داوا دەکات بارمتەکان ئازاد بکرێن و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە دەست پی بکەنەوە.

تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە قۆناغێکی نوێیە بۆ جینۆسایدکردنی هاووڵاتییانی فەڵەستینی.

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستیان هەبێت بۆ ئەوەی ئاگربەستەکە بمێنیتەوە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆییەکان دەست پی بکەنەوە.

ئوردن 

گوتەبێژی حکوومەتی ئوردن ئیدانەی هێڕشەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات

محەممەد مومانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئوردن گوتی: لە شەوی ڕابردووەوە بەدواداچوون بۆ بۆمبارانە شەڕەنگێزانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکەین. جەختی کردەوە کە دەبێت ئەو هێرشانە دەستبەجێ ڕابگیرێن.

سعوودیە

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە ڕاگەیندراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی مەدەنی دەکات و ئیسرائیل بە دەستدرێژ و هێزی داگیرکەر ناو دەبات.

حەماس

حەماس، لە بەیاننامەیەکەدا ڕایگەیاند ، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شوێنەکانی کەرتی غەززە شەر مەزار دەکەین.

حەماس، ڕایگەیاند: ئێمە ناتانیاهۆی داگیرکەر بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە کاردانەوەکانی دەستدرێژیی بۆ سەر غەززە، بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و گەلی فەڵەستینی گەمارۆدراومان.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "ناتانیاهۆ و حکوومەتە توندڕەوەکەی بڕیارێک دەدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و زیندانیانی غەززە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبنەوە."

لە درێژەی بەیاننامەکەشدادەڵێت: داوا دەکەین نێوەندگرەکان ناتانیاهۆ و دارودەستەکەی بە تەواوی بەرپرسیار بزانن لە پێشێلکردن و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە "کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کراوە کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان لە پشتیوانیی خۆڕاگری گەلی فەڵەستین لە ئەستۆ بگرن."

هەروەها داوای لە "نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەپەلە کۆ ببنەوە بۆ پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک کە داگیرکەر پابەند دەکات بە ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی و پابەندبوون بە بڕیارنامەی 2735 کە داوای ڕاگرتنی دەستدرێژی و کشانەوەی تەواوی کەرتی غەززە دەکات."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێسرائیل، ژمارەی کوژراوان گەشتووەتە زیاتر لە 400 کەس.