کۆشکی سپی: حەماس خۆی شەڕی هەڵبژارد

گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گوتی: حەماس بە ڕەتکردنەوەی ئازادکردنی بارمتەکان، شەڕی هەڵبژارد.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: حەماس دەستپێشخەر بووە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئەوەش دوای ئەوەی ڕەتی کردەوە بارمتەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات.
دەشڵێت: هێرشە توندەکانی ئیسرائیل بەردەوامیان دەبێت تاکوو تەواوی بارمتەکان ئازاد دەکرێن.
برایان هیوز،گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: حەماس دەتوانێت بە ئازادکردنی بارمتەکان، بەردەوامی بە ئاگربەست بدات، بەڵام خۆی شەڕی لە بری ئاگربەست هەڵبژارد.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا داوای دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکانی کرد.
بەرپرسانی تەندروستیی فەڵەستینی ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەم بەرەبەیانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لانی کەم 330 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون، ئەم هێرشەش دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی قۆناغی یەکەم دێت کە لە 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ چووە واری جێبەجێکردن و ماوەکەی 42 ڕۆژ بوو.