لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران 3 بڕیاری گرنگ پەسەند كران

جووتیار عادل: بەم نزیكانە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

K24- هەولێر:

جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان زانیاری و وردەكاری لەبارەی دوایین بڕیارەكانی حكومەتی هەرێم خستەڕوو و راشیگەیاند، بەم نزیكانە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانیان، بە تایبەت كێشە داراییەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

جووتیار عادل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی كردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر سێ خاڵی سەرەكی دا، یەكەمیان پەسەندكردنی سندقی خانەنشینی بوو لە هەرێمی كوردستان، كە ئەو پڕۆژەیە خزمەتێكی زۆر بەو خانەنشینانە دەكات، كە خزمەتێكی زۆریان هەیە.

سەبارەت بە بڕیاری دووەمیش گوتەبێژی حكومەت گوتی: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر مەرجەكانی دامەزراندنی پلە تایبەتەكان درا و ئاشكرای كرد، پێویستە لەمەو دوا كەسی شایستە لە شوێنی شایستە دابنرێت و مەرجەكانیش تایبەتن بە بڕوانامە، شارەزایی، ساڵانی خزمەت و لەمەو دوا حكومەتی هەرێم و سەرجەم وەزارەتەكان پابەندی ئەو مەرجانە دەبن.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری سێیەم تایبەت بوو بە كاراكردنەوەی یاسای كشتوكاڵ، لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە چەند هەنگاوێك بنرێت، لەوانەش دەبێت ئەو كارتانەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش كراون، دوای ئەنجامدانی رێكاری یاسایی بكرێنە سەنەد و تاپۆ بكرێن.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداش جووتیار عادل گوتی: لە دانوستانەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بەردەوامن و كەشێكی ئارام بۆ گەیشتن بە رێكەوتن هاتووەتە ئاراوە و گوتیشی: "جەختمان لەوە كردووەتەوە، كە دەستوور بنەمای چارەسەركردنی ناكۆكی و پرسە هەڵواسراوەكانە".

ئاشكراشی كرد، دواكەوتنی سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، پەیوەندی بە چەند پرسێكی تەكنیكیی نێوان هەردوو لاوە هەیە.

گوتیشی: ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامین و ئاماژەی بەوەشدا، بەم نزیكانە شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و هەموو هەوڵێكمان لە میانەی ئەو دانوستانانە دەخەینە گەڕ، بۆ ئەوەی بەگوێرەی دەستوور دەستەبەری مافەكانی هەرێمی كوردستان بكەین.

سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیش، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریكردن لە دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە بە حكومەتی فیدراڵ راگەیاندووە، چونكە ئێمە دەزانین كە بۆشاییەكی ئەمنی لەو ناوچانە هەیە و پێویستی بە هاوكاری نێوان هەردوو لایە"، دووپاتیشی كردەوە، "گفتوگۆكان بەردەوامن، بەڵام بابەتەكە ئاڵۆزە و پێویستی بە تاوتوێی بەردەوام هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوو لادا هاتووەتە ئاراوە".

H.B