نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان: کوردستان24 دەنگی ئێمەی گەیاند

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، ڕایگەیاند: سوپای عێراق بەلایەنگیری دەستێوەردان دەکات و سزای بە کۆمەڵی جووتیاران داوە.
سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: کوردستان24 دەنگی ئێمەی گەیاند و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافی خۆمان نابین .
محەممەد ئەمین، گوتیشی: لە شەناغە یەک پارچە زەوی کێشەی لەسەرە، بەڵام کاری 200 پارچە زەوی ڕاگیراوە و سوپای عێراق بە لایەنگیری دەستوەردان دەکات و سزای بە کۆمەڵی جووتیارانی داوە.
محەممەد ئەمین، باسی لەوەش کرد، ئەو سەربازەی ملپێچەکەی ڕاکێشام سکاڵای لەسەرم تۆمارکردووە و پێویستە یاسای گەڕاندنەوەی مووڵک و ماڵ جێبەجێ بکرێت.
لەلای خۆیەوە، محەممەد فاتیح، پارێزەری خۆبەخشی نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو سەربازەی سکاڵای تۆمارکردووە، وەک فشار کردوویەتی و دادگا ڕێکارەکانی سکاڵای سەربازەکە خێراتر کردووە و شوێنی ڕووداوەکەش هیج کێشەی لەسەر نییە.
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانیان کرد.
سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام جووتیارانی کوردیش ڕژدبوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن.
گرتە ڤیدیۆی یەکێک لە جووتیارانی گوندی شەناغە کە کوردستان24 بڵاوی کردەوە، سۆشیال میدیای تەنی و کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، لە گرتە ڤیدیۆکەدا، سەربازێکی سوپای عێراق جووتیارەکەی لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەیەوە ڕادەکێشا بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکات لە کێڵانی زەوییەکەی، بەڵام جووتیارەکە سەرەڕای ئەوەی خەریک بوو بخنکێ، ئامادە نەبوو واز لە کێڵانی زەوییەکەی بهێنیت و گوتی: "وەڵا لەسەر تراکتۆرەکەم دانەبەزم".