ترەمپ: پەیوەندی تەلەفۆنیی ئەمڕۆم لەگەڵ پوتین زۆر باش و بەرهەمدار بوو

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: لەگەڵ پوتین هاوڕا بووم لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرش بۆ سەر کەرتەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری، هەروەها جەختم لە ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، تروس، لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند: پەیوەندی تەلەفۆنیی ئەمڕۆم لەگەڵ پوتین زۆر باش و بەرهەمدار بوو.
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، لەگەڵ پوتین هاوڕا بووم لەسەر ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرش بۆ سەر کەرتەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری. هاوکات جەختی لە ڕاگرتنی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، باسی لە ویستی خۆی بۆ ئاشتی کرد و گوتی: ئەگەر لە ساڵی 2022 من سەرۆکی ئەمەریکا بوومایە، هەرگیز جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕووی نەدەدا، بۆیەش هەموو هەوڵێک بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە دەدەم.
هاوکات گوتیشی: لەگەڵ پوتین زۆر لایەنی ڕێککەوتنی ئاشتیمان تاوتوێ کرد، هەروەها باسی خواستی زێلێنسکیشمان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ کرد.
سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و ڤیلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، یەک کاتژمێر بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد. كۆشكی سپی ڕایگه‌یاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیبه باشی به‌ڕێوه چووه.
لای خۆیەوە، كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی ڕووسیا (کرێملن)، لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا گوتی: هەردوولا له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا به شێوه‌یه‌كی گشتیی به ڕاشكاوانه له‌باره‌ی پرسه‌كان قسه‌یان كرد.
کرێملن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، هه‌ردوو سه‌رۆك دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستییان تاوتوێ كردووه. هه‌روه‌ها هه‌ردوو سه‌رۆك ڕێك كه‌وتن بۆ گۆڕینه‌وه‌ی 175 دیلی جه‌نگ.
ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، هه‌ردوو سه‌رۆك جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووه‌ته‌وه و ڕێك كه‌وتوون هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە رابگرن. هەروەها شاندێکی تەکنیکی لە هەردوولاوە لەسەر ڕاگرتنی شەڕی دەریایی لە دەریای ڕەش گفتوگۆ دەکەن.