ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و سێ تەوەر تاوتوێ دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادە بوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆدەبێتەوە و درێژکردنەوەی داشکاندنی سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ، یەکلاییکردنەوەی کێشەی نەبەسترانی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست لەگەڵ بابەتی دەرچووانی کۆلیژی پزیشکیی گشتیی زانکۆ حکومییەکان بۆ ساڵی 2024 تاوتوێ دەکرێن.
بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران کە کۆپییەکی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، دەست پێدەکات و لە بڕگەی یەکەم، لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ پێشنیازی وەزارەتەکەی بۆ درێژەدان بە کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی 20% لە سزای سەرپێچی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە پێشکەش دەکرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی درێژە پێدانی بڕیارەکە لە 01-01-2025 تاوەکو 01-06-2025 بەردەوام بێت.
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری دەخرێتەڕوو، کە تایبەتە بە یەکلایی کردنەوەی کێشەی ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی هەمیشەیی و گرێبەست دامەزراون، بەڵام لە ڕێککەوتی 01-07-2024ـەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی مووچەیان بۆ نەبەستراوە، بەهۆی جێگیرکردنی میلاکی مانگی تەممووز، لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
هەروەها تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، پەیوەستە بە بابەتی دەرچووانی کۆلیژی پزیشکیی گشتی زانکۆ حکوومییەکان بۆ ساڵی 2024، ئەم بابەتەش لەلایەن سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەخرێتەڕوو.
کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، 19ی شوباتی 2025، بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران لێخۆشبوونی لە قیستەکانی سوودمەندانی قەرزی بچووک پەسەند کرد، کە لە ساڵانی پێشوو سوودمەندەکانیان کۆچی دواییان کردووە.
هەر لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەگەل دوو پێشنیازی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان تاوتوێ کران.