حووسیەکان جارێکی دیکە هێرشیان کردە سەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکا

حووسییەکانی یەمەن بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، بڵاویان کردەوە مووشکێکی کوروز و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی پڕ لە تەقەمەنی، بەرەو کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی لە دەریای سوور هەڵداوە.

لەماوەی 72 کاتژمێردا ئەوە چوارەمین هێرشی لەو جۆرەیە، ئەوەش لە وەڵامی هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن.

یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حووسییەکان جووڵە سەربازییەکانی دوژمنیان لە دەریای سوور دەستنیشان کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر وڵاتەکەمان، لە بەرامبەردا ژمارەیەک مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەرەو کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکی یو ئێس ئێس هاری ترومان و ژمارەیەک کەشتی جەنگی دومن هەڵداوە، بەڵام هێرشەکەیان پووچەڵکردووەتەوە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هێرش بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێت و گەمارۆکە هەڵنەگیرێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئیسرائیل "توندتر دەبن".

کەناڵی ئەلمەسیرە کە سەر بە گرووپی حووسییەکانە ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا پارێزگاکانی سەعدە و حەجا لە باکووری ڕۆژئاوای یەمەن و پارێزگای حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەنیان بۆمباران کردووە.

لای خۆیەوە میدیاکانی حووسی بڵاویان کردووەتەوە، فڕۆکە ئەمەریکییەکان بە دوو هێرشی ئاسمانی باڵەخانەی یانەی ئەهل لە بەڕێوەبەرایەتی مینا لە حودەیدە بۆمباران کردووە، هەروەها ناوچەی عیساید لە ناوچەی سەفرە لە پارێزگای سەعدە چوار هێرشی کردووەتە سەر.

لە لایەکی دیکە عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا هەڕەشەی لە ئەمەریکا کرد، ئەگەر بێتو دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن بەردەوام بێت، هێرشەکانمان بەردەوام دەبن. 

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند "هێرشەکان بۆ چەند ڕۆژێک و ڕەنگە چەند هەفتەیەک بەردەوام دەبن ئەگەر هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور نەوەستێن".