بەهۆی هێرشێکی ئۆکرانیا ئاگر لە کۆگای سووتەمەنی ڕووسیا کەوتەوە

سەرلەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، مۆسکۆ ڕایگەیاند "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن هێزەکانی کێیڤەوە هەڵدرابوو تەقییەوە، بەو هۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە شاری کراسنۆدار کەوتەوە.

 نووسینگەی هەماهەنگی خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا خراوەتە خوارەوە، ئاگر لە نزیک گوندی کاڤکازسکایا کەوتەوە.

 ئاماژەی بەوەش کرد، 105 تیمی فریاگوزاری لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا بوون، هەروەها تاکو ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک لەبارەی برینداربوون و کوژران لە ڕووداوەکە نەبووە.

نزیکەی سێ ساڵە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتر لە پێشڕەویدایە. ئۆکرانیاش بە هێرشی مووشەکی و درۆن هێرش دەکاتە سەر قووڵایی خاکی ڕووسیا، تێیدا دەیان هەزار کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی هەردوولا کوژران و ملیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

ڕۆژی سێشەممە 11ـی ئاداری 2025، شاندی ئەمەریکا و ئۆکرانیا دوای کۆبوونەوەکەیان لە شاری جەددەی سعوودییە، لە ڕاگەیەندراویکی هاوبەش ئاماژەیان بەوە دا، کە کێیڤ بە پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئۆکرانیا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ڕازی بووە.