سەدر بۆ سەرایا سەلام: ئەگەر عێراق هێرشیشی بکرێتە سەر، نابێت چەک هەڵگرن

تەحسین حەمیداوی یاریدەدەری چەکدارانی سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، ڕێنماییان لە موقتەدا سەدرەوە پێگەیشتووە و ئاراستەی سەرایا سەلامی کردووە، کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدوور بگرن و ڕاوێژ بە مەرجەعی ئایینی و ژیرمەندەکان بکەن لە ئەگەری تووشبوونی عێراق بە هێرش و دەستدرێژی دەرەکی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، حەمیداوی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، "یەکێک لە ڕێنماییەکانی ڕێبەری ڕەوتی شیعە، موقتەدا سەدر، خۆبەدوور گرتنە لە لێدوانی تائیفی، چونکە ئەمە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت و زیان بە عێراق دەگەیەنێت،"
هەروەها لە ڕێنماییەکانی موقتەدا سەدر هاتووە، "بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنان و هەڵگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق قەدەغەیە، چونکە چارەنووسی میللەت و گەلەکەی لەلایەن تاکەکان یان گرووپێکەوە دیاری نەکراوە."
موقتەدا سەدر لە ڕێنماییەکاندا باسی لەوەش کردووە، "ئەگەر عێراق تووشی دەستدرێژی دەرەکی بوو، پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ مەڕجەعە ئاینییەکان و ژیرمەندەکان و نەگەڕێێنەوە بۆ لای گەندەڵکاران و ستەمکاران نەکەین."
ئەم ڕێنمایانەی ڕێبەرەکەی ڕەوتی شیعە، لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر حووسیەکانی یەمەن و هەروەها کۆتایی هێنان بە ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە لەدوێنێ سێشەممەوە بەسەدان کەس کوژراون و برینداربوون.
لەکاتی دووبارە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، موقتەدا سەدر لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' گوتی "هەموو ئەمانەی دەبێتە هۆی فرۆشتنی فەڵەستین، بۆ ئەوەییە زایۆنیزم بتوانێت بە ئاسانی و بە هاوکاری ئێرە و ئەوێ بێتە ناو خاکی ئیسلام و عەرەبەکانەوە، بۆئەوەی بتوانێت بگاتە سنوورەکانی عێراق، پەشیمانیش لەو کاتەدا هیچ سوودێکی نابێت."