دادگایەکی واشنتن ڕەخنە لە بڕیاری ترەمپ بەرامبەر سەربازە ڕەگەزگۆراوەکان دەگرێت

دادگایەکی واشنتن دی سی ڕەخنەی توند لە بڕیارەکەی ترەمپ لەبەرامبەر ئەو سەربازانەی ڕەگەزیان گۆڕیوە و لە سوپای ئەمەریکان دەگرێت.

دادوەرێکی فیدراڵی ئەمەریکا فەرمانی جێبەجێکردنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای هەڵپەسارد کە ڕێگری لە کەسانی ڕەگەزگۆڕاو دەکات لە خزمەتی سەربازیدا.

ئانا ڕێیس، دادوەری لە ناوچەی واشنتن دی سی بڕیاریدا فەرمانی ترەمپ بۆ دەرکردنی کەسانی ڕەگەزگۆڕاو لە خزمەتکردنی سەربازیدا، پێدەچێت مافە دەستوورییەکانیان پێشێل بکات، ڕابگرێت.

دادوەرەکە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بۆ سێ ڕۆژ دواخست بۆ ئەوەی دەرفەتی تانەدان بە ئیدارەی ئەمەریکا بدات، هەروەها بڕیاری قەدەغەکردنی سەرەتایی دەرکرد لە وەڵامی داواکاری پارێزەرانی شەش کەسی ڕەگەزگۆڕاو کە ئێستا لە خزمەتی سەربازیدان، لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە دەیانەوێت پەیوەندیی بە سەربازییەوە بکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە ساڵی 2025 نزیکەی چوار هەزار کەس لە سوپای ئەمەریکا ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی 2020 ژمارەی سەربازانی ڕەگەزگۆراو تەنیا هەزار و 800 کەس بوون. بە مەبەستی دەرکردنی ئەو سەربازانەش، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هەڵەمەتێک دەست پێ دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا سێ هەزار و 700 کەس کە ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە و لە خزمەتی سەربازی ئەمەریکا تۆمار کراون؛  هەزار و 240 کەس لە هێزی پیادەن، هەزار و 46 کەس لە هێزی دەریاین، هەزار و 24 کەس لە هێزی ئاسمانی و 278 کەسی دیکەش لە هێزی مارینزی ئەمەریکادان.

ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بە گوێرەی نوسراوێکی نیمچە فەرمیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، هەموو ئەو سەربازانی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە لە خزمەتی سەربازی لا دەدرێن، تەنیا لە هەندێک حاڵەتی تایبەت لێخۆشبوونیان بۆ دەردەچێت.

بە گوێرەی نووسراوەکە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕێکاری پزیشکی بەرانبەر سەربازانی ڕەگەزگۆراو دەگرێتە بەر تاوەکوو هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی ئەو سەربازانە بکەن.

دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ دەست بەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا، لە 27ـی کانوونی دووەمی 2025، بڕیاری دا هەموو ئەو سەربازانەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیوە لە سوپای ئەمەریکا دەربکرێن.  

بەگوێڕەی توێژینەوەیەکی ساڵی 2014 پەیمانگای یاسای ویلیامز، 15 هەزار سەرباز ڕەگەزگۆراو لە سووپای ئەمەریکا تۆمار کراون، ناوەندی نەتەوەیی بۆ یەکسانیی ترانسجێندەرییش ئەو ژمارەی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەم ژمارەیە بە فەرمیی پشڕاست نەکراوەتەوە.