چین پشتگیری ئاگربەستی ئۆکرانیا دەکات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، پێشوازی لە پەیوەندییەکەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین دەکەن، لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی ئۆکرانیا.
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، پشتگیری لە چارەکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەکەن، هەروەها پێشوازی لە هەر هەوڵێک بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکەن، ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە دیالۆگ بە ڕێگەیەکی پێویست بۆ بەدەست هێنانی ئاشتی دەبینین.
ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان کرد و باسی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکەی ستراتیجیان کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیندراوی کۆشکی سپی، ڤلادیمیر پوتین ڕازی بە ئاگربەستێکی 30 ڕۆژیی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هێرشەکانی سەر ژێرخانی وزە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هەردوو سەرۆک جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووەتەوە و ڕێک کەوتوون، هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە ڕابگرن. هەروەها شاندێکی تەکنیکی لە هەردوولاوە لەسەر ڕاگرتنی شەڕی دەریایی گفتوگۆ دەکەن.
هەروەها بڕیارە ڕووسیا و ئۆکرانیا 175 سەرباز بگۆڕنەوە، هەروەها وەکوو نیازپاکی بۆ ئاگربەستەکە مۆسکۆ 23 سەربازی دیکەی ئۆکرانیا کە لە شەڕ برینداربوونە ئازاد دەکات.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پۆتین، ستیڤ ویتکۆڤ، بە تۆڕی 'فۆکس نیووز'ی ڕاگەیاند، "گفتوگۆکانی ئاگربەست ڕۆژی یەکشەممە، لە جددە دەست پێ دەکاتەوە."