ناتانیاهۆ: هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر غەززە تەنیا سەرەتایەکە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بۆ سەر کەرتی غەززە "تەنیا سەرەتایەکە" و جەختی لەوە کردەوە، فشارە سەربازییەکان پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەی ئاماری حەماس لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی سێشەممە، زیاتر لە 400 کەس کوژراون و ئەمەش خراپترین هێرش بووە لەو کاتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە 19ی 1 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کاتێکدا تەلئەڤیڤ بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە شەڕ لە غەززە تا "بارمتەکان دەگەڕێنرێنەوە"، سامی ئەبو زەهرا، سەرۆکی حەماس، پێیوابوو ئیسرائیل هەوڵدەدات "ڕێککەوتنی ڕادەست بوون" بەسەر بزووتنەوەکەدا بسەپێنێت و ئەمەریکاشی تۆمەتبارکرد بەوەی هاوبەشە لەگەڵ ئیسرائیل لە جینۆساید کردنی خەڵکی غەززە.

شەوی سێشەممە، حەماس لە بەیاننامەیەکدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد، ئەوانەی پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین دەکەن، فشار بخەنە سەر ئیدارەی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژی و شەڕە جینۆسایدانەی دژی خەڵکی مەدەنی.

ناتانیاهۆ ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی ئاداری2025 لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، حەماس "لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هەستی بە هێزی ئێمە کردووە، دەمەوێت ئێوە و ئەوان دڵنیا بکەمەوە: ئەمە تەنیا سەرەتایەکە"

ناتانیاهۆ ڕاشیگەیاند، پێویستە ڕێکاری توندتر بگیرێتەبەر بۆ ئازاد کردنی سەرجەم بارمتەکان، لە ئێستا بەدواوە بە زەبری هێز بارمتەکان ئازاد دەکەین.