یەکێتیی ئەورووپا: بە مەرجەکانی ڕووسیا بۆ ئاگربەست ڕازی نابین

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، بە داواکەی کریملن بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکرانیا ڕازینابین،چونکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەو وڵاتە.

چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025،کایا کالاس، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەگەر سەیری ڕاگەیێندراوی دوای پەیوەندییەکەی دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین بکەین، دەبینین ڕووسیا بە جددی ئاگربەستی ناوێت.

هەروەها گوتی: داواکەی کریملن بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا قبووڵ کراو نییە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی لە ناوچوونی سەربازەکان وهاوکاریکردنی رووسیا بۆ هێڕشکردنە سەر ئەو وڵاتە، بەمەش ئۆکرانیا ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات.

هەر ئەمڕۆ سوپای کیڤ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە ، دوێنێ شەو ڕووسیا بە شەش مووشەک و 145 درۆن هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا کە بە هۆیەوە کەسێک کوژراو و دووی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: هێرشەکانی دوێنێ شەوی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەرخەری نیازی رووسیایە، کە نایەوێت پابەندی ئاگربەست بێت.