یەکێتیی ئەورووپا: هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە قبووڵ کراو نییە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند ئەم هەفتەیە سەردانی میسر دەکات و لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بۆ فشار خستنە سەر ئیسرائیل کۆ دەبێتەوە،
چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، هێرشە کوشندەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، قبووڵ کراو نییە.
هاوکات ئاماژەشیدا لەگەڵ جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل قسەی کردووە و پرسیاری ئەوەی لێکردووە لە پێناو چی ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن؟
کایا کالاس گوتیشی، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دەچێتە میسر بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ئاگربەستی غەززە و هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل.
ئەوەشی خستە ڕوو، لەگەڵ میسر، ئوردن، قەتەر سعوودیە و ئیمارات کۆدەبینەوە و دەبێت فشاری دیبلۆماسی بۆسەر ئیسرائیل زیاد بکەین، دووپاتیشی کردووە کە کوشتنی هاووڵاتییانی غەززە جێگای قبووڵکردن نییە.
پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بۆ سەر کەرتی غەززە "تەنیا سەرەتایەکە"، جەختیشی کردەوە، فشارە سەربازییەکان پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێ سێشەممە، زیاتر لە 400 کەس کوژراون و هەزارانیش بریندار بوون.