لە ھەولێر دەرمانە رووسییەكە دەدرێتە تووشبووانی كۆرۆنا

بڕێكی زۆری دەرمانەكە گەیشتووەتە ھەولێر

K24 – ھەولێر

دوای ئەوەی دەرمانێكی رووسی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان و عێراق پەسند كرا، ئەمڕۆ بەسەر نەخۆشخانەكان دابەش دەكرێت و دەدرێت بە تووشبووان.

د. شێروان حەمەدەمین، بەڕێوەبەری دەرمان و پێداویستی پزیشكی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ بڕێكی باشی ئەو دەرمانە رووسییە لە رێگەی ئەو كۆمپانیا ناوخۆییەی كە دەرمانەكەی بەرھەمھێناوە گەیشتە دەستمان، ئەمڕۆ دەرمانەكە دەگوازینەوە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر".

گوتیشی: "ئەو بڕە دەرمانەی لە قۆناغی یەكەم بۆمان ھاتووە بڕێكی باشە و بەشی نزیكەی ھەزار نەخۆش بەردەستە، ئێستا لە سنووری ھەولێر تەنھا 250 نەخۆش پێویستیان بەو دەرمانەیە".

د. شێروان، روونیكردەوە: "ئەمڕۆ دەرمانەكە دەگاتە نەخۆشخانەكان و دەدرێتە نەخۆشخەكان".

ھەفتەی رابردوو دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیڤیر (Favipiravir)ی بۆ چارەسەری توشبووانی کۆرۆنای لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھێندرا و دواتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراق پەسند كرا. ئەو دەرمانە بەپێی رێكەوتنی نێوان عێراق و رووسیا لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھێنراوە.