زێلێنسکی و ترەمپ باس لە قۆناغەکانی داهاتووی ئۆکرانیا دەکەن

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا قسە دەکات، بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لە بارەی پەیوەندییەکەی نێوانیان بزانێت، هاوکات ڕەتی دەکاتەوە لە سەر ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا سازش بکات.
چوارشەممە 19ی ئاداری 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە فینلاندا ڕایگەیاند، هیچ سازشێک لەسەر مەرجی ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا ناکەین، کە یەکێک لە مەرجەکانی ڕووسیا ڕاگرتنی هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ ئۆکرانیا، جەختیشی کردەوە، دەبێت هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاد بکرێن.
زێلێنسکی گوتیشی: ئەمڕۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە تەلەفۆن قسە دەکەن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر لەبارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ پوتین بزانێت و باس لە قۆناغەکانی داهاتوو دەکەن.
گوتیشی: دەبێت واشنتن ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە چاودێریکردنی ئاگربەستی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر ڕووسیا هێرش نەکاتە سەریان، ئەوە ئەوانیش هێرش ناکەنە سەر ڕووسیا.
ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان کرد و باسی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و چەند پرسێکی دیکەی ستراتیجییان کرد.
بە گوێڕەی ڕاگەیەنراوی کۆشکی سپی، ڤلادیمیر پوتین ڕازی بووە بە ئاگربەستێکی 30 ڕۆژە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەکان.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هەر دوو سەرۆک جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووەتەوە و ڕێک کەوتوون، هەروەها شاندێکی تەکنیکی لەنێوان هەر دوولا گفتوگۆ لەسەر ڕاگرتنی شەڕی دەریایی دەکەن.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پۆتین، ستیڤ ویتکۆڤ، بە تۆڕی 'فۆکس نیووز'ی ڕاگەیاند، "گفتوگۆکانی ئاگربەست ڕۆژی یەکشەممە، لە جددە دەست پێ دەکاتەوە."