بەرگریی شارستانیی هەرێم: تایەسووتاندن قەدەغەیە

بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە بەیانییەوە سەرجەم تیمەکانییان ئامادەباش دەبن بەبۆنەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە.
چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە بەیانییەوە هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانیی هەرێم دەکەونە ئامادەباشییەوە تاوەکو تەواوبوونی هەڵکردنی ئاگر و ئاهەنگی نەورۆز.
سەرکەوت کاڕەش، گوتیشی: دیاردەی سووتانی تایە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر کەسێک ئەم کارە بکات، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێم، ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی هەبوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەخۆ ئاگادارمان بکەنەوە.
سبەی ئێوارە، بەبۆنەی ساڵی نوێی کوردی و جەژنی نەورۆز، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.