سوپای ئیسرائیل: ڕێگریمان لە مووشەکێک کرد لە یەمەنەوە هەڵدرابوو

سوپای ئیسرائیل سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی مووشەکی حووسیەکانی یەمەن، زەنگی ئاگادارکەرەوە لێ دراوە و لە قودسیش دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز بیستراوە.
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند "ڕێگرییان لەو مووشەکە کردووە کە لە لایەن حووسیەکانەوە لەیەمەنەوە هەڵدرابوو."
لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، 13 هاووڵاتیی مەدەنی لەکاتی چوون بەرەو پەناگەکان بریندار بوون.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسیەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە هێرشێکدا فڕۆکەخانەی بنگۆریۆمان مووشەک باران کرد.
ئەو گوتەبێژە ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بۆ سەر غەززە ڕانەگیرێت و گەمارۆکە هەڵ نەگیرێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئیسرائیل "توندتر دەبن."
هەروەها ئاژانسی هەواڵی یەمەنی لەسەرزاری بەرپرسانی باڵای حووسیەکانەوە بڵاویان کردووەتەوە؛ لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی بۆمبارانی هێزەکانی ئەمەریکاوە 16 چەکدار و سەرکردەی ئەو ڕێخکراوە کوژراون.
بەرپرسانی حووسیەکان ئاماژەیان بەوەش دا، ئەو چەکدار و سەرکردانەی کوژراون لە جیهادکردن بۆ پاڵپشتیکردنی غەززە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا کوژراون، بەڵام کۆڵ نادەن و بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە دۆزەکەیان. هەروەها ڕووبەڕووی هەر دوژمنکارییەکەی ئەمەریکی و ئیسرائیلی دەبنەوە.
حووسیەکان لەم هەفتەیەدا دوای هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیان بە هێرشە مووشەکییەکان کردووەتەوە.