چین لە ئابووری پێش ئەمەریكا دەكەوێت

پێشبینی دەكرێت لە ریزبەندییەكە ھیندستان ببێتە دووەم

K24 - ھەولێر

سەرەڕای لێكەوتەكانی كۆرۆنا، چین پێش ئەمەریكا دەكەوێت و دەبێتە خاوه‌ن گەورەترین ئابووری لە جیھاندا.

داتا چینییەكان دەریدەخات، ساڵی 2019 چین پێش ئەمەریكا كەوتووە و بووەتە گەورەترین ئابووری لە جیھاندا. پێشبینی دەكرێت تا ساڵی 2030 ھیندستان دوای چین بێت و ببێتە خاوەن دووەمین گەورەترین ئابووری.

بەگوێرەی راپۆڕتێكی بانكی جیھانی، كۆی بەرھەمی ناوخۆیی چین لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە نزیكەی 22 ترلیۆن و 530 ملیار دۆلار، لە كاتێكدا كە بەرھەمی ناوخۆیی ئەمەریكا نزیكەی 20 ترلیۆن و 570 ملیار دۆلار بووە. پێشبینی دەكرێت تا چەند ساڵی داھاتوو چین ئەو پێگەیەی خۆی بپارێزێت، چونكە ئەمساڵ بەرھەمی ناوخۆی چین بەرێژەی 1.2% گەشەدەكات، بەڵام ئابووری ئەمەریكا لە ئەنجامی داخستنی بازاڕ بەھۆی كۆرۆناوە، بەرێژەی 6% دادەكەوێت.

سەبارەت بە كۆی بەرھەمی ناوخۆیی ھیندستان گەیشتووەتە 9 ترلیۆن و 230 ملیار دۆلار، ژاپۆن 5 ترلیۆن و 210 ملیار دۆلار، ئەڵمانیا 4 ترلیۆن و 470 ملیار دۆلار، رووسیا 3 ترلیۆن و 970 ملیار دۆلار.