نێچیرڤان بارزانی: له‌گه‌ڵ هاتنی نه‌ورۆزدا، هیواكان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه و سه‌ختییه‌كان تێده‌په‌ڕێنین

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به بۆنه‌ی جه‌ژنى نه‌ورۆزى نه‌ته‌وه‌يى و سه‌رى ساڵى نوێى كوردىهوه پیرۆزبایی له كورد و ته‌واوی گه‌لی كوردستان به هه‌موو پێكهاتهكانييهوه ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، نه‌ورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونه‌وه و ژيانه‌وه‌يه، جه‌ژنی هيوا و ئیراده و هه‌ستانه‌وه و خۆڕاگری و تێڕوانینه بۆ داهاتوویه‌كی باشتر.
پێنجشه‌ممه، 20ـی ئاداری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به بۆنه‌ی جه‌ژنى نه‌ورۆزى نه‌ته‌وه‌يى و سه‌رى ساڵى نوێى كوردىهوه پیرۆزبایی له كورد و ته‌واوی گه‌لی كوردستان به هه‌موو پێكهاتهكانييهوه و خانه‌واده‌ى شه‌هيدان و پێشمه‌رگه هێزه ئه‌منييه‌كان كرد و هیوای خواست هه‌مووان جه‌ژنێكى خۆش و ئارام به‌سه‌ر به‌رن و جه‌ژنى كامه‌رانى و ئاسووده‌يى بێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه، نه‌ورۆز هێمای ئازادی و نوێبوونه‌وه و ژيانه‌وه‌يه، جه‌ژنی هيوا و ئیراده و هه‌ستانه‌وه و خۆڕاگری و تێڕوانینه بۆ داهاتوویه‌كی باشتر. هه‌روه‌ك چۆن مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆز به درێژایيی مێژوو سه‌رچاوه‌ی ئیلهام بووه بۆ گه‌لی كوردستان، ئه‌مڕۆش بانگه‌وازێكی نوێیه بۆ یه‌كڕیزی و لێكگه‌يشتن و هاوكاری له‌پێناو پاراستنی ماف و ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ی سیاسيی هه‌رێمی كوردستاندا.
نێچیرڤان بارزانی ده‌شڵێت، "جه‌ژنى نه‌ورۆز له كاتێكدا دێته‌وه كه ناوچه‌كه و جيهانيش له دۆخێكى ههستياردان. تێپه‌ڕاندنی سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه، پێویستی به كاری هاوبه‌ش و گفتوگۆى بنیاتنه‌رى لايه‌نه سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانه له ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان و له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ دڵنیابوون له سه‌قامگیری و به‌هێزكردنی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و مافه‌كانی مرۆڤ.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، ئاشتی و ئاشتيخوازى بۆ کورد و گه‌لى كوردستان گەورەترین هێز و باشترین ڕێبازە. بۆيه "داوا لە کورد و كوردستانييان دەکەم، باوەڕ و ڕێبازی ئاشتیخوازانەیان بەهێزتر بکەن. داواکانی گه‌لى كوردستان زۆر ڕەوان، ئاشتی زەمینەیەکی زۆر له‌بار بۆ ڕوونبوونەوەی داواکانى دەڕەخسێنێت. ئاشتیخوازی، پرسی کورد لە جیهاندا زیاتر دەباتە پێشەوە. ئێستا تەوژمێک بۆ دروستبوونی ئاشتی له سیاسەتی جیهاندا هه‌يه، لە بەرژەوەنديی گه‌لى كوردستاندايه وه‌ك گه‌لێكى ئاشتیخواز لەگەڵ ئەو تەوژمەدا بێت."
نێچیرڤان بارزانی گوتووشیه‌تی، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕمان به كولتوور و به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه و لێبورده‌یی و يهكترقبووڵكردن هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه به فاكته‌ری ئارامى و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه و ده‌ستی دۆستایه‌تی و هاوكاری بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان درێژ ده‌كات، له‌پێناو داهاتوویه‌كدا كه تيايدا ئاشتی و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندن بۆ هه‌مووان باڵاده‌ست بێت و ژيان و شكۆ و مافه‌كانى هه‌مووان پارێزراو بن.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ڵێت، "له په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی عێراقدا، جارێكی تر پابه‌نديی خۆمان به ده‌ستوور وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو ناكۆكییه‌كان به گفتوگۆ و لێكگهییشتنی هاوبه‌ش دووپات ده‌كه‌ینه‌وه. سه‌قامگیری و گه‌شانه‌وه و پێشكه‌وتنى عێراق، به ڕێزگرتن له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی و به جێبه‌جێكردنی ڕاسته‌قينه‌ى سيستمى فیدراڵييهوه به‌نده."
له‌باره‌ی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانیش گوتوویه‌تی، "ئێمه له نزيكه‌وه ئاگاداری سهختييهكان و دۆخى ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتیيانى كوردستانين. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان كارى له‌پێشینه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستانه. له‌گه‌ڵ هاتنی نه‌ورۆزدا، هیواكان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م سه‌ختییانه تێده‌په‌ڕن، كۆڵ ناده‌ين و به هيوا و ئومێده‌وه پێكه‌وه به‌ره‌و داهاتوويهكى باشتر هه‌نگاو دهنێنين."