ترەمپ: بە زووترین کات وەزارەتی پەروەردە دادەخەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فەرمانێکی جێبەجێکردنی ئیمزا کرد کە ئامانجی لێی داخستنی وەزارەتی پەروەردە بوو، کە بۆ دەیان ساڵە ئەمەریکا پەیڕەوی لێدەکرد.

دۆناڵد ترەمپ، لە میانی مەراسیمی ئیمزا کردنی لە کۆشکی سپی کە پەرلەمانتارانی کۆمارییەکان و کۆمەڵێک منداڵی قوتابخانە ئامادەی بوون، گوتی: "بە زووترین کات وەزارەتی پەروەردە دادەخەین، هیچ سوودێکی بۆ ئێمە نییە".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە پەروەردەیەکی باشمان دەوێت وەک نەرویج و سوید و دانیمارک.

سەرۆکی ئەمەریکا وەزارەتی پەروەردەی بە بیرۆکراسییەکی بەفیڕۆدەر و نوقم لە ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵ وەسف کرد. بەڵام ڕەنگە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی هەموو بەشەکان نەبێت، چونکە لە ساڵی 1979دا کۆنگرێس بەشێکی تێدا دروست کرد.

ئیدارەی ترەمپ دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندان و نەهێشتنی بەشێک لە پرۆگرامەکان، جگە لە کەمکردنەوەی بەرچاو لە فەرمانگەی مافە مەدەنییەکان و پەیمانگای زانستە پەروەردەییەکان، کە داتای پێشکەوتنی ئەکادیمی وڵات کۆدەکاتەوە.