ئەردۆغان: پرۆسەی نوێی ئاشتی وڵاتەکە دەبێتە هۆی سەقامگیری بۆ عێراق و سووریا

سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، پرۆسەی نوێی ئاشتی وڵاتەکەی دەبێتە هۆی سەقامگیری بۆ عێراق و سووریا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە بارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی وڵاتەکەی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندوە "لە پڕۆسەیەکی نوێدان و لە ئامانجەکەیان نزیکتر دەبنەوە کە تورکیایەکی بێ تیرۆرە.

ڕاشیگەیاندووە، هەنگاوی کۆتایی پرۆسەکە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە جوداخوازەیە کە هەڕەشە لە ژیان و ئارامی و خۆشگوزەرانی هەموو هاووڵاتییانیان دەکات بە برا کوردەکانیانەوە.

گوتیشی: ئەگەر ئامانجەکەمان بەدیبێت، تورکیا دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە بە ئاشتی لە بەڵایەکی 40 ساڵە ڕزگاری بێت، ئەگەرنا بەم نزیکانە بە ستراتیجی خۆیان تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە کۆتایی پێدەهێنن.

باسی لەوەش کرد، هیوای ئەوان ئەوەیە کە هەم ڕێکخراوەکە و هەم لایەنگرانی وەک ڕابردوو پەنا بۆ هەڵوێستی ناعەقڵانی نەبەن و ئەم دەرفەتە مێژووییە بەفیڕۆ نەدەن.

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند "ئەم پێشهاتە دەبێتە هۆی ئارامی و سەقامگیری بۆ وڵاتەکەمان و هەموو ناوچەکەمان بەتایبەت عێراق و سووریا.  ئاماژەی بەوەش کردووە, ئەوان وەک حکوومەت، بە ئیرادەن بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لە پرسێکی 40 ساڵە.

دەشڵێت: چاوەڕوانی هەمان ڕێبازی دۆستانەین لەو کەسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.