ڕووسیا پشگیری بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی ئێران دەکات
گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) پشتگیری خواستی ئاشتیانەی ئەتۆمی ئێران دەکات و ڕایانگەیاند، مۆسکۆ نایەوێت ئێران ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئاداری 2025 ڕایگەیاند، ئێران وەکوو هەموو وڵاتانی دیکە مافی خۆیەتی خاوەنی بەرنامەیەکی ئاشتییانەی ئەتۆمی بێت، لەم لایەنە هەنگاوی باشی بڕیوە، بە تایبەت کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
هەروەها ئاماژەیدا، دەبێت پرسی ئەتۆمی ئێران لە ڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسییانە و ئاشتییانە چارە بکرێت، چونکە هەموو هەلومەرجێک بۆ ئەو پرۆسەیە لە بارە، ئەوەی پێویستە تەنیا ویستێکی سیاسییانەیە.
پیسکۆڤ گوتیشی: وردەکاریی قسەکانی ئێرانمان وەرگرتووە و دڵنیای کردووینەتەوە کە بە دوای بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە.
پرسی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەوەرێکی سەرەکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بوو، کە لە گفتوگۆکاندا هەردوولا جەختیان کردەوە، نابێت ئێران ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
پێنجشه‌ممه، 20ـی ئاداری 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران له لێدوانێكی بۆ كه‌ناڵی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی گوتی: بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت نامه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه بۆ عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووه، ده‌رفه‌تێكی باشه، به‌ڵام له بری ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بێت "له هه‌ڕه‌شه نزیكتره."
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگه‌یاند، سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌ی نامهكهن و به‌م زووانه به فه‌رمی وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه.
هەر دوێنێ پێنجشەممە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگه‌یاندبوو: بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو لە کۆشکی سپی، دانوستاندن لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەڕێوە بچێت .
ڕۆژی چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، لە نامەیەکدا کە بۆ عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران ناردوویه‌تی، ماوه‌ی دوو مانگ مۆڵه‌تی داوه بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.