سیاسەتمەدارانی کورد: پەیامی سەرۆک بارزانی هیوای بە چارەی ئاشتی بەخشی

پەیامی سەرۆک بارزانی لە نەورۆزی دیاربەکر و پشتیوانیی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا، کاردانەوەی جیاوازیی لێ کەوتەوە، سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هێزی زیاتر بە پرۆسەی ئاشتی و چارەی کێشەی کورد دەبەخشێت، ڕێککەوتنی ئاشتیشی فراوانتر کرد.
موستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو کوردی باکووری کوردستان، پشتگیریی پەیام و هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەین، سەرۆک مەسعود بارزانی هەوڵی داوە پرسی کورد لە باکووری کوردستان بەڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ چارە بکرێت و دەزانین ئێستاش لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ سەرخستنی ئاشتی لە تورکیا، ئێمە لە باکووری کوردستان بە تێکڕا پشتگیری ئەم هەڵوێستەی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ.
ڕێبەری پەکەکە عەبدولڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەی خۆیدا لە 27ـی شوبات داوای دانانی چەکی لە پەکەکە کرد، سیاسەتمەدارانی کوردیش پێیان وایە، ئەو پەیامە دەرفەتێکە بۆ چارەیەکی ئاشتیانە، بە پشتیوانیی سەرۆک بارزانی ئەو ئامانجە دێتە دی، هەر لەبەر ئەوەشە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەهای زۆری هەیە.
بایرام بۆزیێل، سەرۆکی گشتیی پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت: ئومێد هەیە کە تورکیا ڕازی بکەن ئەو پرسە پێش بکەوێت بۆ ئەوەی ئاشتی سەر بکەوێت، ئێمە لەهەر چوارپارچەی کوردستان ئومێدەوارین پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام، ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت و ئاشتی بێتە کایەوە، زەمینەیەکی نوێ بۆ چارەی پرسی کورد دێتە ئاراوە، بۆیە ئێمە پەیامی سەرۆک بارزانی بە گرنگ دەزانین و بە دڵ و گیان پشتیوانیی ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەوەی ئاشتی سەر بکەوێت.
پەیامی سەرۆک بارزانی لە نەورۆزی دیاربەکر، هیوای ملیۆنان کوردی زیندوو کردەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، هاوکات ڕێککەوتنی ئاشتیشی فراوانتر کرد.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەی بۆ نەورۆزی دیاربەکر، داوای ئازادکردنی ڕێبەری پەکەکە عەبدولڵا ئۆجەلانی کرد، هاوکات پشتیوانی خۆی بۆ چارسەری ئاشتی لە تورکیا دووپات کردەوە.