بە ڤیدیۆ؛ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نەورۆز لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا

فێستیڤاڵێکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا
فێستیڤاڵێکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا

گوتاری سەرۆک بارزانی لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز کە لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا بەڕێوە چوو، خوێنرایەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 22-03-2025، هەزاران هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک بارزانی، بەشدارییان لە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە شاری کوڵنی ئەو وڵاتە کرد.

بەشداربووان بە شایی و هەڵپەرکێ و گوتنەوەی گۆرانی و هەڵبەستی کوردی دڵخۆشیی خۆیان بە هاتنەوەی جەژنی نەورۆز دەربڕی. 

 

شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی لە رێورەسمی جەژنی نەورۆز لە کۆڵن پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی بە رێوڕەسمەکە و بە برایەتیی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان دڵخۆشە.

شیفا بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "نەورۆزی ئەمساڵ جەژن نییە، بەڵکوو بۆ هاوسۆزی و پشتیوانییە بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. پشتیوانی خۆمان بۆ کوردانی رۆژئاوا دووپات دەکەینەوە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین مافی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لە هەر چوار وڵات بچەسپێنن."

 

 

شیفا بارزانی دووپاتیشی کردەوە "نەورۆز نیشانەی نوێبوونەوە و گەشانەوەیە، سیمبولی سەرکەوتنە، سەرکەوتنەکانی کورد لە نەورۆزدا دەستیان پێکردووە."

ڕۆژی پێنجشەممە، 20-03-2025، سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەیان باڵیۆز، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێ کرد.