قاهیرە.. یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز کرایەوە

بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، بە ئامادەبوونی چەندان کەسایەتیی سیاسی، دیپلۆماتکار، ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس و قوتابی، ئێوارە ئاهەنگێک و ئیفتاری ڕێکخست.
ئاهەنگەکە ڕۆژی شەممە، 22-03-2025، بەڕێوە چوو. د. ڕحاب خالید، ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە، پیرۆزبایی خۆی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاراستەی گەلی کوردستان و عێراق کرد، هەروەها بە ناوی باڵیۆزی کۆماری عێراق لە قاهیرە، دکتۆر قەحتان تەها جەنابی و ئەندامانی باڵیۆزخانەی عێراق لە قاهیرە، پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە قاهیرە کرد.
دکتۆر ڕیهاب خالید، ڕاشیگەیاند "نەورۆز کە زیاتر لە سێ هەزار ساڵە یادی دەکرێتەوە، نوێنەرایەتیی بەشێکی دانەبڕاوە لە میرات و ناسنامەی گەلی کوردمان، هێمای نوێبوونەوە، دووبارە لەدایکبوون، ئازادی و ڕزگاربوونە لە نادادپەروەری و ستەمکاری، لە چوارچێوەی خۆیدا بەهاکانی ژیان و ئاشتی و خۆشەویستی هەڵدەگرێت و دەیکاتە جەژنێکی هیوا و ژیانێکی نوێ تەنها سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو هێمای خۆڕاگری و گەشبینییە، پەیامێکە کە هەڵگری هیوایە بۆ سبەینێیەکی گەشاوەتر و گوزارشت لە ئیرادەی گەلانی ئازاد دەکات بۆ گەیشتن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد "عێراق بە فرەچەشنی کولتووری و نەتەوەیی خۆیەوە، ڕۆحی نەورۆز بە هەموو ماناکانیەوە بەرجەستە دەکات هەروەک چۆن بەهار لە دوای زستانەوە دێت، عێراقیش دوای هەموو ئاڵنگارییەک، بەرەو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەنگاو دەنێت، لە سایەی هاوپشتی گەلەکەی لە هەموو پێکهاتەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی دیموکراسیدا کە ڕێز لە فرەیی دەگرێت و مافی هەموو هاوڵاتییانی زامن دەکات. ئیلهام لە ماناکانی نەورۆز وەردەگرێت لە بنیاتنانی عێراقێکی یەکگرتوو و بەهێز و ئاوەدان و سەقامگیردا؛ هیوادارین نەورۆزی 2025 پڕ بێت لە ئاشتی و خۆشەویستی و سەقامگیری و پێشکەوتن."

دکتۆر حوسێن هینداوی، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لە گوتارەکەیدا گوتی " جەژنی نەورۆز پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و لێبووردەیی و برایەتییە، کە گەلی کوردستان ئاراستەی عێراق و هەموو جیهان دەکات. گەلێکی لێبووردە و لە کۆنەوە ڕێگەی تێکۆشان و ئازادییان زانیوە و پەیامی ئاشتی بۆ هەمووان هەڵدەگرن. هەروەها سەرکردەکانی لە پێگەیەکدان کە لەگەڵ مێژووی ئەم گەلەدا دەگونجێت لە هەموو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا."
شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە میسر، وێرای سوپاس و بەخێرهاتی ئامادەبووان، ئاماژەی بەوە کرد "نەورۆز بە واتای (ڕۆژی نوێ) دێت و سەرەتای جوانترین وەرزە، کە ئەویش وەرزی بەهارە و لەم وەرزەدا کوردستان بەرگی سروشتی ڕەنگاو ڕەنگ دەپۆشێت. لەگەڵ بۆنی گوڵ و گوڵزاری سروشتی، و ئەو جەژنە مانای ئازادییە، نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت، بینای دیموکراسی و ئازادیی بیروڕا .ئێمە ئیلهام لێ وەردەگرین بۆ ماناکانی مرۆڤایەتی و ژیان."
بەرپرسی پارتی لە قاهیرە، لە درێژەی گوتەکەیدا گوتی: ئێمە کار بۆ بڵاوکردنەوەی گیانی خۆشەویستی و لێبوردەیی و بەها باڵاکان و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە و توندوتیژی دەکەین، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە سەربنەماکانی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان. کار دەکەین بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان بە ڕۆحێکی بەرزی نەتەوەیی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی.
حەبیب دووپاتی کردەوە "پارتی دیموکراتی کوردستان کار بۆ لێبوردەیی و برایەتی لە نێوان هەموو عێراقییەکاندا دەکات، هەر لە دامەزراندنیەوە لە 16ی ئابی 1946ەوە بە سەرکردایەتی باوکی ڕۆحی گەلی کورد، مەلا مستەفا بارزانی نەمر خەبات بۆ ئەو ئامانجانە هەوڵ دەدات و کوردستان بووەتە دوورگەیەک لە سەقامگیری و دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ژێر رێنمایەکانی سەرۆک بارزانی."