جووتیارێکی بەردەڕەش: ئەمساڵ هێندە شووتی چێنراوە هەژمار ناکرێت

جووتیارانی سنووری قەزای بەردەڕەش دەستیان بە چاندنی شووتی کردووە و داوا لە حکوومەت دەکەن، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکەیان، هاوردەکردنی شووتی لە دەرەوە قەدەغە بکات.

سفیان عەلی، جووتیارێکی سنووری قەزای بەردەڕەشە و بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "نزیکەی هەفتەیەک دەبێت شووتیمان چاندووە. لە دەڤەری ئێمە بڕێکی یەکجار زۆر شووتی چێنراوە، کە لە ژماردن نایەت. داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ، هاوردەکردنی شووتی لە دەرەوە قەدەغە بکات، بۆ ئەوەی زیانمان پێ نەگات و بتوانین بەرهەمەکەمان لە بازاڕەکان ساخ بکەینەوە."

بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، جووتیارانی سنووری قەزای بەردەڕەش، جۆرە شووتییەکی جیاواز دەچێنن. موحسین جبرائیل، جووتیارێکی دانیشتووی گوندی خارۆکی سنووری قەزاکەیە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "زۆرینەی جووتیارانی دەڤەرەکەمان شووتی جۆری (هۆلەر) دەچێنن، چونکە گەورە و جوانە، زوو پێ دەگات، نرخەکەی باشە و دەتوانین هەناردەی هەموو شوێنێک بکەین."

ساڵانە بەرهەمی شووتیی سنووری قەزای بەردەڕەش هەناردەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە.

تەحسین سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بەردەڕەش بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پێشبینی دەکەین ئەمساڵ لە سنووری قەزای بەردەڕەش، زیاتر لە سێ هەزار و 500 دۆنم زەوی، بە شووتی دابچێنرێت. کەشوهەوای ناوچەکە و پیتی خاکەکەی وای کردووە ساڵانە بڕێکی زۆری شووتی لە دەڤەرەکەمان بچێنرێت."

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی بەردەڕەش پێشبینیش دەکات، ئەگەر ئەو شووتییانەی چێنراون، بەبێ کێشە و هیچ نەخۆشییەک پێ بگەن، بەرهەمی ئەمساڵی شووتی لە سنووری قەزاکە بگاتە سەرووی 15 هەزار تۆن، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو، لە 10 هەزار تۆن کەمتر بووە.

یەکێک لە کارە پێشینیەکانی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران بووە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا، تاوەکوو ئێستە چەندان بەرهەمی جووتیاران هەناردەی وڵاتانی کەنداو و جیهان کراون.