عەقیل فەتلاوی: تەنیا ئیمامی مەهدی دەتوانێت شکست بە ئەمەریکا بهێنێت

سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: فەلسەفەی باوەڕی ئێمە وایە، شکستپێهێنانی ئەمەریکاییەکان هیچ چارەی نییە تەنیا بە دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی نەبێت.

عەقیل فەتلاوی، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی ناوخۆیی گوتی: کاتێک بوش ی کوڕ، دەست بەکار بوو، ئێمە ماندوو بووین و لە خەیاڵماندا دەمانویست کەسێک لە دەستی ڕژێمی سەدام ڕزگارمان بکات؛ چونکە ڕژێمێک بوو کە بە ئەنقەست عێراقییەکانی ڕیسوا دەکرد، تەنانەت لەکاتی گەمارۆی ئابووریش، ئەو ڕژێمە خەریکی کۆکردنەوەی پارە بوو.

عەقیل فەتلاوی، ڕوونیشی کردەوە "کاتێک بوش دەسەڵاتی گرتە دەست، شەوانە گوێم لێ دەگرت، باسی ئابوریی کرد و گوتی: با سەدام حوسێن سەرۆک کۆماری عێراق بزانێت کە من زۆر بایەخی پێ دەدەم. پاشان هەستام و سەڵاواتێکم لێ دا و گوتم: سەدام دەڕوخێت. لێمیان پرسی 'مەسەلەکە چییە؟' پێم وتن ئەم پیاوە دێت سەدام دەڕووخێنیت. بوش ڕژێمێکی ستەمکاری بۆ ئێمە ڕووخاند".

گوتیشی: ئەگەر ئێمە داوای تۆڵەسەندنەوە بکەین، چۆن  و کەی ئەوە دەکەین؟ نە بەرخۆدان دەتوانێت و نە ئێمەش دەتوانین. فەلسەفەی باوەڕمان ئەوەیە جگە لە دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی بۆ ڕاگرتنی ئەم هێزە زەبەلاحە هیچ چارەیەک نییە. هەرچەندە ئێمە لەسەر بنەمای بەرخۆدان و ڕەتکردنەوە کار دەکەین، بەڵام قەناعەتمان ڕوونە، کە ئەمە دەوڵەتێکی گەورەیە و تەنها یەک کەس کە دەربکەوێت دەتوانێت کۆنترۆڵی ئەم بابەتە بکات. ئەمەش نیشانەیەکی گەورەیە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەرکەوتنی ئەو کلیلی چارەی هەموو کێشەکانە.

دەشڵیت: ئێمە سەرەتا بۆ ماوەیەکی کورت لامان وابوو ئەمەریکا ڕزگارکەرە، بەڵام دواتر ئەوان فەسادیان بڵاو کردەوە و عێراقیان وێران کرد. ئێمە تۆڵە لە کێ دەکەینەوە؟ ئایا ئەوە لۆجیکە ئێمە بڵێین تۆڵە لە وڵاتێکی ئاوها زلهێز دەکەینەوە؟ زلهێزێک کە تەکنەلۆجیای گەورە و پێشکەوتووی هەیە، دەسەڵاتی بەسەر زۆرینەی شتەکاندا هەیە.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئێمە تۆڵە بکەینەوە دەی باشە بەڵام چۆن ڕووبەڕوویان ببینەوە؟ نە بەرەی مقاوەمە دەتوانێت، نە ئێمەش دەتوانین، ڕووبەڕوویان ببینەوە. ئێستە فەلسەفەی باوەڕی ئێمە وایە، شکستپێهێنانی ئەمەریکییەکان هیچ چارەیەکی نییە تەنیا دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی نەبێت. ڕاستە ئێمە کار بە پرەنسیپەکانی مقاوەمە دەکەین، هەروەها بوونی ئەو هێزە ڕەت دەکەینەوە، بەڵام بڕوامان وایە وڵاتێکی زلهێزە.

ئاماژەی بەوەش دا، تەنیا ئیمامی مەهدی دەتوانێت بەسەر ئەمەریکادا سەرکەوێت، چونکە دەبێتە بەڵگە و حوجە لەسەر هەمووان.

ئەمە یەکەم جارە بەرپرسانی عێراق بێدەسەڵاتی خۆیان بەرانبەر بە هێزەکانی ئەمەریکا بەشیوەیەکی ڕاشکاوانە دەردەبڕن، چونکە پێشتر وایان دانابوو دەتوانن بە هێرشەکانی بەرەی مقاوەمە بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە، دەتوانن شکستیان پێبێنن. 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment