ئایا بەکارهێنانی فڕنی مایکرۆوەیڤ زیانی هەیە؟
هەموو شتێک لەوبارەوە بزانە
K24- هەولێر:
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، بەکارهێنانی فڕنی مایکرۆوەیڤ زیانی نییە، بەڵام چەند زانیارییەک هەیە دەبێت بیزانین.
بەکارهێنانی پلاستیک کاریگەری چییە و ئایا مایکرۆوەیڤ پێکهاتەی خواردن تێکدەدات، ئایا کوڵاندنی ئاسایی جیاوازی هەیە لە مایکرۆوەیڤ؟
پێکهاتەی خواردنەکە
توێژینەوەیەک پێشتر ئەوەی خستبووەڕوو، بەکارهێنانی مایکرۆوەیڤ بۆ گەرمکردن و ئامادەکردنی سەوزەکان، دەبێت هۆی لەدەستدانی زۆربەی بەها خۆراکییەکانیان، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێت، ئەگەر میوە و سەوزەکە لەناو ئاودا بن و گەرمییەکی گونجاویان هەبێت، ئەوا سەوزەکان زیاتر لە کوڵاندن، پێکهاتەکانیان دەپارێزن و سوودیان زیاترە.
زیانلی ئو، پسپۆڕ لە سەنتەری توێژینەوەی بێلستڤیلی خواردن لە ئەمەریکا دەڵێت، بە شێوەیەکی گشتی مایکرۆوەیڤ لە جۆرەکانی دیکەی کوڵاندن باشترە، بەڵام تەنها ئەوەیە ئەمە بۆ هەموو خواردنێک راست نییە.
بۆ نموونە، کوڵاندنی برۆکلی، سپیناخ و بیبەر بە مایکرۆوەیڤ باشترە بە بەروارد بە کوڵاندنی ئاسایی، بەڵام ئەمە بۆ بەزالیا راست نییە.
گەرمکردنی پلاستیک
زۆربەی جۆری پلاستیک نابێت لەناو مایکرۆوەیڤ دابنرێت چونکە ماددەی پۆلیمێرسی تێدایە و لە کاتی گەرمبوونی، ماددەی کیمیایی دەردەدات کە دەبێتە هۆی تێکچوونی هۆرمۆنەکان.
باشترین رێگاش بۆ کەمکردنەوەی ئەو زیانە، بەکارهێنانی سیرامیکە لەبری پلاستیک.
گەرمی زۆر
ئەگەر پلاستیک بەکارنەهێنیت، ئەوا زیانەکانی مایکرۆوەیڤ کۆتایی نایەن، چونکە گەرمیەکەی ئەگەری دروستکردنی زیانی هەیە.
سەرەتا باشترە بڵێین، هەوڵبدە، مایکرۆوەیڤ بۆ گەرمکردنەوەی خواردن بەکاربێنیت نەک کوڵاندن و ئامادەکردن.
بەهۆی ئەوەی هەندێکجار کاتێک خواردنێک گەرم دەکەین بە مایکرۆوەیڤ، دەبینین هەندێک شوێنی زۆر گەرم نەبووە و هەندێک شوێنیشی بە پێچەوانەوە ئەمەش زیانی هەیە چونکە هەندێک بەکتریا کە بە گەرمی دەمرن، لەو خواردنانە زیندوون.
دەبێت ئەوەش بزانین، بەکتریاکان کاتێک بەهۆی گەرمی خواردن دەمرن، دواتر کاتێک خواردنەکە ساردەبێتەوە، دەگەڕێنەوە.
تێکشدانەوە - رادیەیشن
ئەو تیشکەی لەناو مایکرۆوەیڤە، بە تەواوی بێ زیانە و هەمان تیشکە کە لە گڵۆپ و رادیۆکان هەیە.
سەرەتا وا دەزانرا کە تیشکی مایکرۆوەیڤ زیانی هەیە، بەڵام ئەمە راست نییە، چونکە مایکرۆوەیڤ شەپۆلی نزم بە فریکوێنسی هەیە و هیچ زیانێکی نییە.
BBC