ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی ڕووناکی لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕووناکی، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئەزموونی، کارەبای ناوەندی شاری دهۆک بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەکەنە 24 کاتژمێری.

بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاماژەی داوە کە لە قۆناغی یەکەمدا، لە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی ئاداری 2025 تاوەکوو چوارشەممە 26ی ئاداری 2025،  بۆ تاقیکردنەوەی فشارەکانی سەر تۆڕی کارەبا، پێدانی کارەبای نیشتمانی لە سەرجەم گەڕەکەکانی ناوەندی شاری دهۆک، دەبێتە 24 کاتژمێری و پرۆسەکەش 72 کاتژمێر بەردەوام دەبێت.

هەروەها ئاماژەی داوە "ئەمە تاقیکردنەوەیەکی کاتییە بۆ تۆڕی دابەشکردنی کارەبا دەکرێت، مەبەست لێی دەستنیشانکردنی کەموکووڕی و گرفتەکانی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبایە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی کارەباوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای دهۆک ئەوەشی ڕاگەیاند، لە قۆناغی دووەم و سێیەمدا کارەبای شارۆچکەکە و شارەدێکان و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەکرێنە 24 کاتژمێری.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، چەندین پرۆژەی گرنگی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون ئێستاش چەند پرۆژەیەکی دیکە لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، لە نێویاندا کارەبای 24 کاتژمێرییە، کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناو نراوە، لە چوارچیوەی ئەم پرۆژەیەدا بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 هاووڵاتیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بن.