لە بەغدا، دەست بە سەر زیاتر لە 180 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هەڵمەتێکیان کردووەتە سەر تۆڕێکی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لە بەغدا و توانیویانە دەست بەسەر 183 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا بگرن.

 وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕێگەی بەشی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی کەرخ، توانی تۆڕێکی بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەغدا هەڵبوەشێنێتەوە و 21 تۆمەتباریان دەستگیر کرد، هەروەها دەستیان بەسەر 183 کیلۆ ماریوانا و ماددەی هۆشبەری دیکەدا گرت."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەڵمەتەکە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادوەر کراوە و تۆمەتبارانیش دەستبەسەرن و بەپێی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر  دەگیرێتە بەر."